رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کرد. ترسی بازرگانان لە هێرشی سەر کەشتییەکان و مەترسی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودییە لەلایەن حووسییەکانەوە، نرخەکانی نەوتی لە ئاستێکی بەرزدا هێشتووەتەوە.
ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نەوتی برێنتی دەریای باکوور هەر بەرمیلێکی بە 110.3 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش بۆ 99.14 دۆلار بەرزبووەوە.
بەپێی میدیاکانی ئێران، رۆژی سێشەممە هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند کە کەشتییەکی نەوتی گەورە بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی لە باشووری تەنگەی هورمز، ئاگری گرتووە دوای ئەوەی پێشێلی رێنماییەکانی ئێرانی کردووە. کۆمپانیای کێپلەر بۆ چاودێریی کەشتیوانی بڵاویکردەوە، لە ماوەی دوو هەفتەدا لانیکەم 18 هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە ناوچەکەدا تۆمارکراون.
شارەزایانی بۆرسەی لەندەن (LSEG) لە یاداشتێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، "هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان لە سنووری تەنگەی هورمز تێپەڕیون و ئێران لە باشوورەوە کەشتییەکان تاوەکو دەریای عومان دەکاتە ئامانج، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر بارکردنی نەوت لە دەرەوەی کەنداو و هاوکات هەڕەشەیە بۆ سەر پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە، کە لە ماوەی جەنگەکەدا یارمەتیدەر بووە بۆ بەردەوامیی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
رۆژی دووشەممە حووسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆ لە یەنبوع، کێڵگەی نەوتی شەیبە و هەردوو فڕۆکەخانەی ریاز و ئەبها لە سعودیە گرتەئەستۆ. هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی پێکدادانەکان، ژمارەی کوژراوانی هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی یەمەن بۆ 73 کەس بەرزبووەوە.
رۆژی رابردوو، نرخەکانی نەوت کەمێک دابەزینیان بەخۆوە بینیبوو دوای ئەوەی سەرۆککۆماری ئێران لە تاران لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان کۆبووەوە.
لە لایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند تاران تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی لەلایەن سعودیە یان حوسییەکانی یەمەنەوە لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی بۆ نێوەندگیری لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا پێ نەگەیشتووە.
لە ئەمریکاش، دوو بەرپرسی وەزارەتی وزە رۆژی سێشەممە رایانگەیاند کە لەگەڵ پاڵاوگەکانی سەرانسەری جیهان کار دەکەن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی، بەو پێیەی کەمبوونەوەی گازوایل نرخەکانی گران کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە، راپرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرز دەریخستووە پسپۆڕان پێشبینی دەکەن کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی نزیکەی 800 هەزار بەرمیل کەمیان کردبێت.


.jpg&w=3840&q=75)
