رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی نیگەرانییەکان لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نائارامیی بازاڕەکان، دوای ئەوەی راپۆرتەکان ئاشکرایان کرد کە ئەمریکا تاوتوێی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لە دژی ئێران لە هەفتەکانی داهاتوودا دەکات.
نرخی نەوتی خاوی برێنتی دەریای باکوور، بە رێژەی 2.14% بەرزبوونەوە و گەیشتنە 102.35 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە ڕێژەی 1.78% بەرزبوونەوە و بە 89.85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەیان پێوەکرا.
کەناڵی (ئێن بی سی نیوز)ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و تیمی ئاسایشی نیشتمانییەکەی تاوتوێی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانیان لە دژی ئێران لە هەفتەکانی داهاتوودا کردووە. یەکێک لە بژاردەکانیش بریتییە لە ئەنجامدانی هێرش پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوخولی مانگی داهاتوو.
لە هەمان کاتدا گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویان لە زیادبوون کردووە. لە لایەکەوە حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لەم دواییانەدا فڕۆکەخانەکانی سعودیەیان کردووەتە ئامانج، لە لایەکی دیکەشەوە تاران لە تەنگەی هورمز هێرش دەکاتە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.
ئینکی چۆ، راوێژکاری بازاڕە داراییەکان لە پلاتفۆرمی بازرگان ئێکسنێس رایگەیاند، "لە کوتمەوداوا نرخی نەوتی خاو راستەوخۆ پەیوەستە بە پاراستنی ئاسایشی هێڵەکانی هەناردەکردن و ژێرخانی وزە لە کەنداو."
ئەو ڕاوێژکارە ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر گرژی و پەرەسەندنێک کە کاریگەری لەسەر هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز یان ژێرخانی کەرتی وزەی سعودیە دروست بکات، مەترسی بۆ سەر دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا دروست دەکات و دەکرێت نرخەکان زیاتریش بەرزبکاتەوە."

