رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق بۆ روونکردنەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 سەردانی پەرلەمانی کرد، کە تێیدا پشکی هەرێمی کوردستان کەمکراوەتەوە و ئەمەش نیگەرانیی پەرلەمانتارانی کوردی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی پڕۆژەیاساکە، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە 217 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش بە 58 دۆلار دیاری کراوە.
لە بودجەی پێشوودا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 ترلیۆن دینار بوو، بەڵام لە پڕۆژەیاسای نوێدا بۆ نزیکەی 13 ترلیۆن دینار کەمکراوەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 6%ی کۆی گشتیی بودجە.
د. رێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، "لەو رەشنووسەی کە هاتووە بۆ بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان کەمکراوەتەوە و ئەرکەکانیشی وەکو خۆی هێڵراوەتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزیری دارایی بەڵێنی داوە لە دابەشکردنی مووچەی مانگی داهاتووەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بهێنرێتە پێشەوە و دوا نەکەوێت.
لای خۆیەوە، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەخنەی لە رێژەی پشکی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی، "ئەو ژمارانەی کە باس دەکرێ 12.7% نەدراوە بە هەرێم، بەڵکو 6% دراوە." د. جەمال کۆچەر پێی وایە ئەم هەنگاوە "بە هەرێم دەڵێی لەگەڵمدا رێکمەکەوە."
لە پڕۆژەیاساکەدا حکومەت دەیەوێت نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بە 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک جێگیر بکات. پەرلەمانتارانی کوردیش داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەلە شاندی دانوستانکار بنێرێتە بەغدا.
پڕۆژەیاساکە کورتهێنانێکی لەنێوان 40 بۆ 60 ترلیۆن دیناری تێدایە، کە بە رێژەیەکی "نایاسایی بەرز" دادەنرێت.

