رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، یاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراق لەسەر بنەمای بەهای 1500 دینار بەرامبەر 1 دۆلار داڕێژراوە (150 هەزار دینار بەرامبەر 100 دۆلار). ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر حکومەت بەهای دۆلار بە 133 هەزار دینار دەستنیشان بکات، ئەوا 33 تریلیۆن دیناری دیکە کورتهێنانی بۆ دروست دەبێت، لە کاتێکدا ئێستا خۆی زیاتر لە 40 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کرد و گوتی: فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان نییە و هەموو ئەندامانی لیژنەی دارایی و تەواوی پەرلەمانی عێراق لە وەزیری دارایی نیگەرانن و گلەییان لێی هەیە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد، بە وەزیری داراییان راگەیاندووە کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان ستەمە، بەڵام وەزیر رایگەیاندووە وەزارەتی پلاندانان پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجە دیاریکردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەپێی دەقە یاساییەکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات.
هاوکات فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوای روونکردنەوەی فەرمی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کردووە و بڕیارە نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بکات تاوەکو روونکردنەوە بە پەرلەمان بدرێ کە لەسەر چ بنەمایەک پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ی عێراق دانراوە.
"کێشەکانی 2023 لە 2027یش بەردەوام دەبن"
لەبارەی داهاتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، جەمال کۆچەر گوتی، ئەگەر بەغدا داوای هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان بکات، پێویستە خەرجیی تەواوی دامەزراوەکانیش دابین بکات، "بە ئاشکرا بە وەزیری دارایی عێراقمان گوت ئەگەر بڕیاربێت هەرێمی کوردستان هەموو داهاتی نێوخۆ رادەستی بەغدا بکات، کەواتە پێویستە بەغدا دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی دامەزراوەکانی عێراق پارەدار بکات. بۆ نموونە، وەک چۆن سەرۆکایەتیی کۆمار پارەدار دەکرێ، پێویستە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پارەدار بکرێ، یان ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی دادوەریی هاوشێوەی دامەزراوە هاوتاکانیان لە بەغدا پارەدار بکرێن."
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان لە هەندێک بڕگەدا پابەندی دەقە نووسراوەکان نەبووە، بەڵام کێشەکان تەنیا تەکنیکی نین و بەشێکیان پێویستیان بە رێککەوتنی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدایە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا درێژخایەن دەبن و دەڵێت، "هەندێک دەقی بودجەی 2023 لە بودجەی 2027 دانراونەتەوە، بۆیە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023 بۆ بودجەی 2027یش بەردەوام دەبن، هەربۆیە کێشەکانی هەولێر و بەغدا پێویستیان بە رێککەوتنی سیاسییە، چونکە تەنیا کێشەی تەکنیکی نین و بە شاندی تەکنیکی چارەسەر ناکرێن."
رۆژی سێشەممە (6/10/2026) تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کرد کە لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراقدا سێ ماددەی سەرەکیی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، کە رادەستکردنی 100%ی داهات، 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک، دەستەواژەی "خەرجیی راستەقینە" و رێژەی 12.67% لەخۆدەگرن، وەک خۆیان هێڵدراونەتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانی رووداو، نێوەڕۆکى مادەکانى 11 و 12 و 13ى یاساى بودجەى گشتى 2023 بۆ 2025 کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 2027 دانراونەتەوە کە تایبەتن بە شێوازى خەرجکردنى پشکەکە و هەناردەى نەوت و وردبینى لە داهات و مووچە.
یەکێکى دیکە لەو بڕگانەى کە وەک خۆى ماوەتەوە، دەستەواژەى خەرجى راستەقینەیە بۆ جیاکردنەوەى پشکى هەرێمى کوردستان کە پێشتر هەولێر تێبینى لە بارەیانەوە هەبوو.
"کورتهێنانی بودجە و بەهای دۆلار"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)، جەمال کۆچەر باسی لە کورتهێنانی دارایی و بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کرد و رایگەیاند، تەواوی بودجەی عێراق لەسەر بنەمای بەهای 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار داڕێژراوە، بەڵام "ئەگەر بەهای دۆلار بە 133 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار هەژمار بکرێ، ئەوا بودجەی عێراق بە بڕی 33 تریلیۆن دینار تووشی کورتهێنان دەبێت، لەکاتێکدا ئێستا عێراق خۆی 43 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە. ئەگەر بەهای دیناریش بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە 133 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار دابنرێ، ئەوا تووشی کورتهێنانی 33 تریکیۆن دیناری دیکە دەبێت و کۆی گشتیی کورتهێنان دەگاتە 76 تریلیۆن دینار."
رۆژی سێشەممە (6/10/2026) فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ بوو لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ی عێراق.
هەمان رۆژ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی دانوستاندنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە پابەندییەکان و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، رۆژی چوارشەممە 07-10-2026، شاندێکی باڵای دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات."

