رووداو دیجیتاڵ
هەڵبەزودابەزی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکانی لە هەولێر و سلێمانی شڵەژاندووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی شمەک و کەلوپەل دروستکردووە.
لە سلێمانی، بەشێک لە کۆمپانیاکانی دابەشکردنی خۆراک بەهۆی ناجێگیریی بەهای دینارەوە فرۆشتنیان راگرتووە. رێبوار زێوەیی، کە بازرگانی وشکەفرۆشییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو شتێک گران بووە، هۆکارەکەشی شەڕ و گرانبوونی دۆلارە. نرخی هەر پارچەیەک 4 بۆ 5 هەزار دیناری چووەتەسەر."
لەلایەکی دیکەوە، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە جێگیرکردنی نرخ بە 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک "گرانی دروست دەکات." هەروەها گوتیشی، نرخی حەواڵەش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
دابەزینی بەهای دینار کاریگەریی لەسەر بازرگانان و کاری هاوردەکردنیش هەبووە. چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی عێراق بە بڕیارێک سەقامگیری بۆ بازاڕەکان بگەڕێنێتەوە.
لەنێو بازاڕی سلێمانی، سەرەڕای قەرەباڵخی، بەشێک لە کۆگا و دووکانە کۆفرۆشەکان بەهۆی ناجێگیریی نرخەوە زووتر لە کاتی خۆیان داخران. هاوکات نرخی جلوبەرگیش بۆ هەر پارچەیەک لەنێوان 1000 بۆ 4000 دینار بەرز بووەتەوە.

