رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ی سەر بە بانکی جیهان لە قەزای ئاکرێ، کێشەی بۆ ئەو مووچەخۆرانە دروستکردووە کە هەژماریان لەو بانکەیە. بەڕێوەبەری بانکەکە دەڵێت، دانانی ئامێرەکان لەلایەن تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە دیاری دەکرێت.
بەپێی گوتەی مووچەخۆرانی سنوورەکە، نەبوونی ئامێری راکێشانی پارەی بانکی جیهان لە قەزای ئاکرێ، ناچاری کردوون لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا رێگەیەکی دوور ببڕن و روو لە ناحیەی رۆڤیا، قەزای بەردەڕەش یان سەنتەری شاری دهۆک بکەن بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان.
پێوەری دانانی ئامێرەکانی ATM چییە؟
ئەحمەد عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بانکی جیهان میکانیزمی دابەشکردنی ئامێرەکانی روونکردەوە و بە رووداوی گوت، "دانانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە بەپێی رێنمایی و پێوەرەکانە، بە شێوەیەک بۆ هەر 1000 مووچەخۆر یەک ئامێری ATM تەرخان دەکرێت. دیاریکردنی شوێنە جوگرافییەکان و دابەشکردنیشیان لەلایەن تیمی پڕۆژەی 'هەژماری من'ەوە دیاری دەکرێت، بانک لەو شوێنانە ئامێرەکان دادەنێت کە بۆی دەستنیشان دەکرێت."
سەبارەت بە ژمارەی ئامێرەکانیان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری بانکی جیهان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا زیاتر لە 250 ئامێری ATMی بانکی جیهان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کار دەکەن، تەنانەت لەبەردەم لقەکانی بانکەکەشمان تاوەکو 10 ئامێر دانراون."
لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی مووچەخۆرانی ئاکرێش، ئەحمەد عەبدولخالق دڵنیایی دا و گوتی، "داواکاری و کێشەی مووچەخۆرانی ئاکرێ بە هەند وەردەگرین و بەدواداچوونی ورد بۆ ژمارەی ئەو مووچەخۆرانە دەکەین کە لەو سنوورە لە بانکی ئێمە هەژماریان هەیە، تاوەکو بەپێی رێنماییەکان ئامێری راکێشانی پارەیان بۆ دابین بکرێت."



