رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا، دینار بەهای زیاتری لەدەستدا و 100 دۆلار گەیشتە بەرزترین ئاستی زیاتر لە یەک مانگی رابردوو.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بازاڕ کرایەوە 100 دۆلار 159 هەزار و 500 دینار بوو، ئێستا (کاژێر 09:45) گەیشتووەتە 160 هەزار دینار و 500".
هاوکات لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، 100 دۆلار بە 160 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێ.
لەبارەی هۆکارەکەیەوە ئەو کاسبکارەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی گوتی: "هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەواڵانەی لەبارەی دەستکاری بەهای دینار لە بانکی ناوەندییەوە دەکرێن و دەگوترێ بانکەکە 100 دۆلار دەکاتە 150 هەزار دینار".
ئێستا بانکی ناوەندی بە نرخی فەرمی 100 دۆلار دەداتە 132 هەزار دیناری عێراقی.


