رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی عێراق دەڵێ، داهاتی ئەم ساڵیان زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار بووە و هۆکاری بەرزبوونەوەکەش بۆ بە ئەلیکترۆنیکردن و بەهێزکردنی رێکارەکان دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داهاتی ئەم ساڵی گومرگی عێراق گەیشتووەتە 3 تریلیۆن و 200 ملیار دینار، ئەمەش بازدانێکی دارایی گەورەیە."
لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەیە داهات، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ گوتی: "بە پلەی یەکەم بەهۆی بەئەلیکترۆنیکردن، تووندکردنەوەی رێکارە چاودێرییەکان، چاکسازیی کارگێڕی و دەستکاریکردنی پێناسی گومرگییەکان بووە. هاوکات رێکخستنەوەی دۆسیەی بەخشینی گومرگی و ئەنجامدانی وردبینی رۆڵێکی گەورەی لە کەمکردنەوەی گەندەڵی و بەرزبوونەوەی داهات هەبووە."
سەبارەت بە دۆخی داهاتی بەندەرەکان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ ئاشکرای کرد کە بەهۆی دۆخی ناوچەکە و داخستنی تەنگەی هورمز، جووڵەی گومرگی لە بەندەرەکان وەک پێشوو نییە و گوتی: "لە بەندەرەکاندا جووڵەی کەشتی و گواستنەوەی بار بە رێژەی نزیکەی 50% بەراورد بە پێشتر دابەزیوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، لەنێو سەرجەم دەروازە گومرگییەکانی وڵات، ئێستا دەروازەی سنووریی ترێبیل لە نێوان عێراق و ئوردن باشترین دۆخی بازرگانی و داهاتی هەیە.
عێراق خاوەنی 22 دەروازە و بەندەری گومرگیی فەرمییە لەژێر سەرپەرشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان کە پێکدێن لە 12 دەروازەی وشکانی و پێنج بەندەری گومرگیی دەریایی لە پارێزگای بەسرە، لەگەڵ چوار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کە گومرگی تایبەت بە کەلوپەل و گەشتیارانیان تێدایە.


