رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوت بۆ دووەم رۆژی یەک لەدوای یەک بەرزبووەوە. نیگەرانییەکان لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و کاڵبوونەوەی ئەگەری رێککەوتن لەنێوان هەردوولا، هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوتە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 1.22% بەرزبووەوە و گەیشتە 106.56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی زیاتر لە 1% بەرزبووەوە و گەیشتە 93.57 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەپێی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، تاران لە رێگەی نێوەندگیرانی قەتەرییەوە لە نیویۆرک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا کردووە. ئەمریکا و ئێران بەجیا لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا گفتوگۆ دەکەن وەک بەشێک لە هەوڵە نوێیەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
مەحموود مەشعل، شرۆڤەکارێکی بازاڕە داراییەکانە لە کۆمپانیای (VT Markets) و دەڵێت، پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا سەرنجی سەرەکیی ئێستای بازاڕەکانە.
مەشعل پێیوایە، سەرەڕای ئەوەش، نیگەرانییەکانن لەبارەی ژێرخانی وزە و رەوتی دابینکردنی وزە لە ناوچەکەدا بەردەوامن، ئەوەش بەهۆی نوێبوونەوەی گرژییەکانی نێوان سعودیە و حووسییەکان.
تەنگەی هورمز، کە رێڕەوێکی ئاویی گرنگە و پێش جەنگەکە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، هێشتا بە وردی چاودێری دەکرێت.
رۆژی شەممە، ترەمپ پێشنیازە مەرجدارەکەی تارانی بۆ کردنەوەی تەنگەکە رەتکردبووەوە و بە یاریدەدەرەکانی راگەیاندبوو کە پێشبینی دەکات دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی لە مانگی 11دا دەست بە بۆردومانکردنی ئێران بکاتەوە.



