رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی زێڕ نزیکەی 20 دۆلار بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 4140 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی زێڕ دوێنێ دووشەممە بەڕێژەی 4% دابەزی بوو بۆ کەمترین ئاستی 7 هەفتەی رابردووی خۆی، بەهۆی ئەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نرخی نەوتی لە ئاستە بەرزەکانی خۆی هێشتووەتەوە. هاوکات سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش گوشاری زیاتری بۆ نرخی کانزای زەرد دروستکردووە.
ئێران سوورە لەسەر مەرجەکانی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەوەش نرخی نەوتی برێنتی لە سەرووی 100 دۆلارەوە جێگیر کردووە.
بەرپرسانی ئێران بە نهێنی رەشبینیی خۆیان دەربڕیوە لە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا لە مانگی 11دا، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوا پێشنیازی تارانى رەتکردەوە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز لە ماوەی 7 رۆژدا.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران چووەتە هەشتەمین مانگی خۆیەوە، ئەمەش گوشاری لەسەر نرخەکانی وزە درووستکردووە و چاوەڕوانییەکانی بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان زیادکردووە.
شەپۆلی بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا کە لە مانگی شوباتەوە و لە دوای جەنگی ئێرانەوە دەستیپێکردووە، لە مانگی رابردوودا خێرابووە. ئەوەش مەترسی لەسەر ئابووری دروستکردووە، بەوپێیەی کە تێچووی قەرزکردنی بەرزکردووەتەوە و دەبێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان.
ئیدارەی ترەمپ هەوڵیداوە لەڕێگەی زیاترکردنی کڕینەوەی قەواڵە داراییە درێژخایەنەکان گوشارەکانی سەر قەواڵە داراییە کورتخایەنەکان کەم بکاتەوە، بەڵام هێشتا سوودی سەر قەواڵە داراییەکان بەرزە.
بێت هاماك، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی کلیڤلاند لەو بارەیەوە رایگەیاند، بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکان رەنگدانەوەی چەند فاکتەرێکە، لەوانە گەشەی ئابووری، نیگەرانییەکان لەبارەی قەرزەکانی حکومەت و پێشبینییەکان بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی رێژەی سوود.



