رووداو دیجیتاڵ
نرخی کەرەستەکانی بیناسازی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە. بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، رەنگە ئەم گرانبوونە نرخی خانوو تاوەکو 30% بەرزبکاتەوە.
د. پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "گرانبوونی کەرەستەکانی بیناسازی کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان دادەنێت، چونکە توانای کڕین دادەبەزێنێت؛ بەپێی خەمڵاندنەکان نرخی دروستکردنی خانوو بە رێژەی 25% بۆ 30% بەرزدەبێتەوە."
هۆکاری گرانبوونەکە چییە؟
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە، بڕیارێکی حکومەتی عێراقە کە نرخی نەوتی رەشی بۆ کارگەکان لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک بەرزکردووەتەوە.
بەرپرسەکەی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکەی بەغدا بە تەنیا نییە، بەڵکو کرێی گواستنەوە بۆ هەر تۆنێک ئاسن 25 دۆلار زیادی کردووە و تێچووی بەرهەمهێنانی هەر تۆنێک چیمەنتۆش لە نێوان 9 بۆ 28 دۆلار بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخەکان بەپێی بەدواداچوونی رووداو:
چیمەنتۆ: لە 90 هەزار دینارەوە بووەتە 130 بۆ 135 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.
شیش: لە 530 - 535 دۆلارەوە بۆ 550 - 560 دۆلار بۆ هەر تۆنێک بەرزبووەتەوە.
بلۆک: بە رێژەی 33٪ بەرزبووەتەوە؛ 1000 بلۆکی پلە یەک لە 450 هەزارەوە بووەتە 600 هەزار دینار و کواڵیتی نزمیش لە 300 هەزارەوە بۆ 450 هەزار دینار زیادیکردووە.
لم: نرخی گەڵابەیەک (22 مەتر) لە 330 هەزارەوە گەیشتووەتە 420 هەزار دینار.
کۆنکرێتی ئامادەکراو: هەر مەترێکی لە 46 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 60 دۆلار بەرزبووەتەوە.
گەچ: هەر مەترێکی لە 75 هەزارەوە بووەتە 85 هەزار دینار.
عێراق ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 31 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ هەیە و کارگەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 50%ی ئەم پێداویستییە دابین دەکەن.
بە گوتەی د. پشتیوان حەمەسەعید، نزیکەی 75%ی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق دەنێردرێت و زیاتر لە چوار هەزار هەلی کاریان رەخساندووە. هەروەها گوتی، بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ، هاوردەکردنی شیش و چیمەنتۆ لە دەرەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوی قەدەخە کراوە.
لە هەرێمی کوردستاندا 14 کارگەی پیشەسازیی ئاسن هەن، کە ساڵانە ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن شیش بەرهەمدەهێنن، هاوکات 7 کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆش لە کارکردندان.

