رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەهای تمەنی ئێران زیاتر دابەزی. هەروەها بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دینار کەمێک بەرز بووەوە.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهای تمەن زیاتر دابەزیوە و ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 23 ملیۆن تمەن".
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە حەواڵە 100 دۆلار 22 ملیۆن و 300 هەزار تمەنە، بەڵام بە نەخت 100 دۆلار 21 ملیۆن و 900 هەزار تمەنە".
چەند رۆژێکە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 100 دۆلار بە 156 هەزار و 400 دینار فرۆشرا. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر دەڵێت: "ئێوارەی ئەمڕۆ کەمێک بەهای دینار بەرز بووەوە و لەکاتی داخستنی بازاڕ 100 دۆلار بەرامبەر 155 هەزار و 800 دینار بوو".
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، 100 دۆلار بەرامبەر 155 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی بەهای دینار، حاجی سابیر گوتی: "نزیکبوونەوەی کاتی رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان (30ی ئەیلوول)، نادڵنیایی لە بازاڕدا دروست کردووە و کاریگەریی لەسەر بەهای دینار هەبووە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دیناری گێڕایەوە بۆ ئاستەنگبوونی حەواڵەی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە و گوتی: "بەهۆی ئەسیکۆداوە بەشێوەیەک حەواڵە کەم بووەتەوە نزیک بووە لە سفر، بازرگانان ناتوانن ماوەیەکی درێژ چاوەڕییی حەواڵە بکەن لە بانکی ناوەندی و لە بازاڕدا دۆلار دەکڕنەوە؛ ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمیی دۆلار و دابەزینی بەهای دینار".



