رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رێکاری تووندی بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی گرتووەتەبەر و هاوردەکردنی 33 بەرهەمی کشتوکاڵی بە تەواوی قەدەخە کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیر بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی و پاراستنی بەرهەمهێنەرە خۆماڵییەکان.
قوسەی حەتتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، لەکاتی بەشداری لە بووڵتەنی هەواڵە ئابوورییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بڕیارەکان ئامانجیان رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەیە کە رووبەڕووی کەرتە گرنگەکانی وەک پەلەوەر دەبنەوە، هەروەها بۆ دڵنیابوون لە بەردەستبوونی بەرهەمەکان لە بازاڕەکاندا بە نرخی گونجاو.
"نرخی هێلکە لە هاویندا بەرزبووەوە"
حەتتاب، ئاماژەی بەوەکرد، نرخی هێلکەی خواردن لە وەرزی هاویندا بەزربووەتەوە و بە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراوی وەسفکرد و گوتی، "یەکەمجارە لە وەرزی هاویندا نرخی هێلکەی خواردن بەرزببێتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە، وەزارەتەکەیان "رێکاری ئاسانکاری گرتووەتەبەر و بە رێنمایی راستەوخۆ" و کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵ لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە کراوە.
"گواستنەوەی پەلەوەر بۆ پارێزگاکان بەردەوامە"
سەبارەت بە گواستنەوەی بەرهەمەکانی پەلەوەر، حەتتاب گوتی، "بەپێی ئەو رێنوێنی و رێکارانەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە رێگەی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵەوە دیاریکردوون، گواستنەوەی ئەم کاڵایانە، بەتایبەتی مریشک، بەپێی رێکار و رێنوێنییەکان بەڕێوەدەچێت و بە دڵنیاییەوە بەبێ کێشە دەگاتە هەموو پارێزگاکانی عێراق." لە هەمانکاتدا ئەوەی خستەڕوو، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەگەری هەر سەرپێچییەکدا رێکاری پێویست دەگرنەبەر.
"رۆژانە زیاتر لە 57 هەزار مریشک بەرهەمدەهێندرێت"
حەتتاب، ئاماژەی بەوەدا، کەرتی تایبەت ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ لە بواری پەلەوەردا جێبەجێ دەکات، لەوانە پڕۆژەی پەلەوەری دیوانییە و پڕۆژەی پەلەوەری عەتەبە، هەروەها پڕۆژەی هاوشێوە لە پارێزگای واست.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوە کرد، پڕۆژەی پەلەوەری دیوانییە یەکێکە لە پڕۆژە دیارەکان و شاندێکی وەزارەت بەم دواییانە سەردانی پڕۆژەکەیان کردووە. ئەو گوتی، "پڕۆژەکە رۆژانە زیاتر لە 57 هەزار مریشک سەردەبڕێت و بەسەر ژمارەیەک لە پارێزگاکانی عێراقدا دابەش دەکرێت و بەرهەمەکانی گەیشتووەتە کەرکووکیش، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە نێو هەرێمی کوردستان."
33"بەرهەم قەدەخەن و 15 بەرهەم بەپێی وەرزی خۆماڵی"
سەبارەت بە سیاسەتی هاوردەکردن، حەتتاب روونیکردەوە، وەزارەتەکەیان کار لەسەر پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی دەکات و رێگری لە هاتنەناوەوەی ئەو بەرهەمانە دەکات کە بە بڕی پێویست لە بازاڕەکانی عێراقدا بەردەستن.
"ئێمە ساڵنامەیەکی کشتوکاڵیمان هەیە کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە پەسندکراوە و هاوردەکردنی 33 بەرهەم بە تەواوی قەدەخە کراوە، هەروەها 15 بەرهەمی دیکەش بە شێوەی وەرزی قەدەخەن، کە سەوزە و تەماتە و خەیار و بەرهەمی دیکە لەخۆدەگرن."
"لە گەنم و خورما گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی"
حەتتاب، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە هەندێک بەرهەمی ستراتیژیدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، لە سەرووی هەموویانەوە گەنم و خورما.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی: "هەر بەرهەمێک بگاتە ئاستی خۆبژێوی و بەردەست بێت و لەگەڵ هەموو رێنوێنییەکاندا بگونجێت، وەزارەت رێگری لە هاوردەکردنی دەکات."
لەبارەی رۆڵی کەرتی تایبەتەوە، حەتتاب گوتی، ئەو کۆمپانیایانەی بەرهەمەکانیان پێداویستیی بازاڕ پڕدەکاتەوە، دەتوانن بەپێی رێکارە فەرمییەکان داواکاری پێشکێش بە وەزارەت بکەن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان.



