رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەیەکدا نرخی لیترێک گازی LPG لە سلێمانی 150 دینار بەرزبووتەوە، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گازیش دەڵێ، "ئاساییە و قەیرانی گاز دروست نەبووە."
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گازی ماڵان لە سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 8ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی گازی LPG لە بەنزینخانەکان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و بڕی پێویست گازی ماڵانمان لە بەردەستە بۆ دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا."
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گازی ماڵان گوتی، "بڕێکی زۆر گازی ماڵانمان لە کۆگاکاندا هەڵگرتووە و هیچ کێشەیەکمان نییە لە دابەشکردن، هاووڵاتییان مانگانە بە کۆبۆن بوتڵێک گازی خۆیان وەردەگرن."
سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، عومەر عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، "مانگێکە دەستمان کردووە بە ئامادەکاری بۆ ئەوەی لە زستاندا قەیران دروست نەبێ، بۆ ئەو مەبەستەش بڕێکی یەکجار زۆر گازمان کۆگە کردووە و نرخەکەی لە بەنزینخانەکان هەرچۆنێک بێت کێشەمان بۆ دروست نابێت."
سێ رۆژ پێش ئێستا، نرخی یەک لیتر گازی LPG لە بەنزینخانەکانی سلێمانی 450 دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 575 دینار. عومەر عەبدوڵڵا روونی کردەوە، "بەنزینخانەکان گازی بازرگانی دەکڕن و نرخەکەی بەرز و نزم دەکات، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کێشەی گازمان نابێت."



.jpg&w=3840&q=75)