رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی لە ماوەی 100 رۆژی رابردوودا بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە و کار لەسەر پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ بەستنەوەی بەسڕە بە بەندەری بانیاسی سووریا دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 8ی ئەیلوولی 2026، لەکاتی کردنەوەی چوارەمین پێشانگە و کۆنگرەی نێودەوڵەتیی نەوت و گازی عێراق، باسم محەممەد عەبادی، لە گوتارێکدا رایگەیاند، "کەرتی نەوت لە قۆناخێکی یەکجار گرنگدایە و سەرەڕای ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دەرفەتی گەورە بۆ گەشەپێدان رەخساون."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای دەستپێکردنی کارەکانیان لە بارودۆخێکی سەختدا، وەزارەتەکەی بڕیاریداوە بە گیانێکی دەستپێشخەرانەوە رووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە. بە گوتەی عەبادی، "لە ماوەی 100 رۆژی تەمەنی حکومەتدا، توانیمان هەنگاوی گەورە بنێین، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بوو لە 200 هەزار بەرمیلەوە بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لەم مانگەدا، ئەمەش بە هەوڵی دڵسۆزانەی فەرمانبەران و کۆمپانیا نیشتمانی و جیهانییەکان هاتەدی."
عەبادی، باسی لە هەمەجۆرکردنی رێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کرد و رایگەیاند کە کار لەسەر چالاککردنەوەی "دەروازەی باکوور" دەکەن لە رێگەی رێککەوتن لەگەڵ تورکیا. پرۆژەیەکی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانیی کۆمپانیاکانی (شێڤرۆن، TIـی ئەمریکی و UCCـی قەتەری) لە ئارادایە بۆ بەستنەوەی بەسڕە بە بێشخابوور، کە لقێکی لێ دەبێتەوە بەرەو بەندەری بانیاس لە سووریا، ئەمەش نەرمیی و ئاسایشی زیاتر بە هەناردەی عێراق دەبەخشێت.
وەزیری نەوت، واژۆکردنی چەندین رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان لە ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و بلۆکە نوێیەکانی گەڕان بە دەستکەوتێکی دیکە ناوبرد.
سەبارەت بە کەرتی پاڵاوتن، بەگوتەی وەزیری نەوتی عێراق ئامانجیان تەنیا فرۆشتنی نەوتی خاو نییە، بەڵکو زیادکردنی توانای پاڵاوتنە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ و رزگاربوونی عێراق لە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، رایگەیاند کە وەزارەت سەرکەوتوو بووە لە رازیکردنی کۆمپانیای JGCـی ژاپۆنی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە پرۆژەی FCC لە پاڵاوگەکانی باشوور.
باسم عەبادی، داوای لە کۆمپانیا جیهانییەکان کرد وەبەرهێنان لە عێراق بکەن و گوتی: "عێراق دەرفەتی وەبەرهێنانی فراوانی هەیە. ئێمە پەرۆشین بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی راستەقینە کە بەرژەوەندیی هەموو لایەک بپارێزێت. ئەوەی لە 100 رۆژی رابردوودا کرا، تەنیا سەرەتایەکە بۆ قۆناخی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و وەبەرهێنانی گاز لەبری سووتاندنی."


.jpg&w=3840&q=75)
