رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی هۆکاری کەمبوونی کارەبا لە هەولێر و دهۆک ئاشکرا دەکات و دەڵێ، دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی بەبێ ئاگاداری وەزارەتی کارەبا، دەستیان بە چاککردنەوەی وێستگەکان کردووە و بەوهۆیەوە 400 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە. لەبارەی کەمپەینی لێخۆشبوون لە قەرزی کارەباش دەڵێ، تاوەکو ئێستا 600 هەزار هاوبەش قەرزیان گەڕاندووەتەوە و رۆژی پێنجشەممەش دوا وادەی لێخۆشبوونەکەیە و درێژ ناکرێتەوە.
دڵشێر بەردەڕەشی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات ئاماژەی وەکرد، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونی کارەبا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبا (ماس و قەیوان).
بە گوتەی ئەو، ئەم دوو کۆمپانیایە "بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی کارەبا، دەستیان بە سیانەی وەرزیی وێستگەکانیان کردووە، کە بە شێوەیەکی سروشتی لە وەرزەکانی پاییز و بەهاردا ئەنجام دەدرێت، نەک لەم کاتەدا کە خواست لەسەر کارەبا لە لووتکەدایە."
دڵشێر بەردەڕەشی، باسی لەوەشکرد، "ئەم کارەی کۆمپانیاکان بووەتە هۆی دەرچوونی نزیکەی 400 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی گشتی، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دروستکردووە و بووەتە هۆکار کە هاونیشتمانییان رووبەڕووی قەیرانی کەمیی کارەبا ببنەوە." دەشڵێت، "ئێستا تێکڕای پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک لەنێوان 18 بۆ 19 کاژێرە."
سەبارەت بە هۆکارەکانی دیکەی کێشەی کارەبا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی ئاماژەی بە ژێرخانی کارەبا کرد و گوتی، "لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، ژێرخانی کارەبا بە بەراورد بە سلێمانی، پێویستی بە کاری زیاترە. ژمارەیەک لە وێستگە و بگۆڕەکان (محاویلە) و کێبڵەکان سیانەی پێویستیان بۆ نەکراوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر رێکخستنی کارەبا هەبووە."
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هۆکاری دیکە هەیە جگە لە سیانەکردن، وەک هەناردەکردنی کارەبا، بەردەڕەشی روونیکردەوە، "بەشێک لە کارەبا هەناردە دەکرێت و داهاتەکەی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە. لەو داهاتە، هەردوو کۆمپانیای ماس و قەیوان مانگانە نزیکەی 70ـی شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت. راستە بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەی نەختینەوە، حکومەت نەیتوانیوە هەموو مانگێک 100%ـی شایستەکانیان پێبدات، بەڵام جەخت دەکەمەوە کە 70%یان مانگانە لە داهاتی هەناردەکردنی کارەبا پێدەدرێت."
پڕۆژەی رووناکی و موەلیدە ئەهلییەکان
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان، دڵشێر بەردەڕەشی گوتی، "لە سەرەتای پڕۆژەکەدا هاوئاهەنگیی تەواومان هەبوو، بەڵام ئامانجی پڕۆژەی رووناکی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ هاونیشتمانییان، تاوەکو تەنیا یەک پسوولەی کارەبا بدەن. ئەگەر کێشەی ئەم دوو کۆمپانیایە نەبووایە، ئێمە کارەبای 24 کاژێریمان دابین دەکرد."
کەمپەینی لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا: پێنجشەممە کۆتا دەرفەتە
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی جەختی کردەوە کە کەمپەینی لێخۆشبوونی 15%ـی قەرزی پێشووی کارەبا (پێش پڕۆژەی رووناکی) بە هیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە و رۆژی پێنجشەممە، کاژێر 11:59ـی شەو، کۆتا دەرفەتە بۆ هاونیشتمانییان تاوەکو سوودمەند بن.
دڵشێر بەردەڕەشی، ئامارەکانی بەشداریکردنی لە کەمپەینەکەدا خستەڕوو:
- 50%ـی هاوبەشانی ماڵان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان قەرزی کارەبایان گەڕاندووەتەوە.
- بە گشتی، نزیکەی 600 هەزار هاوبەش (ماڵان، بازرگانی و پیشەسازی) سوودمەندبوون.
- ئەو 50%ـی هاوبەشانی ماڵان کە تاوەکو ئێستا قەرزەکانیان نەداوەتەوە، زۆربەیان قەرزەکەیان کەمترە لە 250 هەزار دینار، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هاوبەشە قەرزدارە گەورەکان سوودیان لە کەمپەینەکە وەرگرتووە.
خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی رووناکی
دڵشێر بەردەڕەشی، باسی لە کێشەی بڕینی کارەبای ئەو هاوبەشانە کرد کە پارەیان داوە بەڵام کارەباکەیان بۆ ناگەڕێتەوە و رایگەیاند، "بۆ ئەوەی هاوبەشان تووشی ئەم ناخۆشییە نەبن، زۆر گرنگە خۆیان لە پڕۆژەی رووناکی تۆمار بکەن."
گوتیشی، "هاوبەشێک کە خۆی تۆمار بکات، پێش بڕینی کارەباکەی سێ کورتەنامەی ئاگادارکردنەوەی بۆ دەچێت. ئەمەش دەرفەتی پێدەدات پێش بڕینی کارەباکەی قەرزەکەی بداتەوە."
بەگوێرەی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 55%ـی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان خۆیان تۆمار کردووە و 45%یان ماون. هاونیشتمانییان دەتوانن لە رێگەی وێبسایتی رووناکی، سەردانیکردنی فەرمانگەکانی فرۆشتنی وزە، یان لە رێگەی ئەو تیمە گەڕۆکانەی کە پێشتر سەردانی گەڕەکەکانیان کردووە، خۆیان تۆمار بکەن.
سەنتەری پەیوەندییەکانی پرۆژەی رووناکی (1992)
سەبارەت بە گلەیی هاونیشتمانییان لەسەر درەنگ وەڵامدانەوەی کۆڵ سەنتەری ژمارە 1992، بەردەڕەشی گوتی، "تیمەکانمان لە کاژێر 8:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی شەو، تەنانەت لە رۆژانی هەینی و شەممەش، بەردەستن. بەهۆی کەمپەینەکەوە ئێستا لۆدێکی زۆری لەسەرە. بەڵام تێکڕای کاتی چاوەڕوانی بۆ وەڵامدانەوەی هەر پەیوەندییەک، نزیکەی 50 چرکەیە."
چارەسەری کێشەی کارەبا و داهاتووی پڕۆژەی رووناکی
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی هیواخواز بوو کە هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبا "بەدەم داواکاریی خەڵکەوە بێن و هاوکار بن" بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تیمەکانیان بەردەوامن لە کاری سیانە و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی ژێرخان. جەختیشی کردەوە کە پڕۆژەی رووناکی هێشتا بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە و پلانیان وایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، قەزاکانی (بەردەڕەش، شێخان، شەقڵاوە، دەربەندیخان، سەیدسادق) و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بخرێنە سەر پڕۆژەکە.
.jpg&w=3840&q=75)

