رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران دا سەپاند و سێ کۆمپانیای فڕۆکەوانیی خستە لیستی رەشەوە. هاوکات بڕیاریدا، مۆڵەتێک هەڵپەسێرێت کە رێگەی بە هەناردەکردنەوەی فڕۆکەی مەدەنی بۆ تاران دەدا.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی (ئێر شیراز، ئاسا جێت و ئاتا ئێرلاینز) سزایان بەسەردا سەپێنراوە و ناویان خراوەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی گوشارەکانى واشنتنە بۆ سەر کەرتی گواستنەوەی ئاسمانیی ئێران.
وەزارەتی گەنجنە ئاماژەی بەوە کرد، مۆڵەتی گشتیی (J-1) کە پێشتر رێگەی بە هەناردەکردنەوەی هەندێک فڕۆکەی مەدەنی بۆ ئێران دەدا، لە 8ی ئەیلوولی 2026وە بە هەڵپەسێردرا. ئەم مۆڵەتە یەکێک بوو لەو دەرفەتە یاساییانەی کە ئێران بۆ نوێکردنەوەی بەشێک لە تەمەنی فڕۆکە مەدەنییەکانی بەکاری دەهێنا.
جگە لە کەرتی فڕۆکەوانی، ئەمریکا کارکردنی بە چەند مۆڵەتێکی دیکە راگرت کە رێگەیان دەدا بە ناردنی پارەی کەسی (حەواڵە) بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران، ئەنجامدانی چالاکییە پەروەردەییەکان لە وڵاتانی سێیەم، ئاڵوگۆڕی وەرزشی و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها مۆڵەتی پارەدان بۆ تێپەڕبوونی فڕۆکە بە ئاسمانی ئێراندا، دابینکردنی پێداویستییەکانی سەلامەتی و سووتەمەنی بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان راگیراوە.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC)ى سەر بە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا راشیگەیاند، هەر جۆرە مامەڵەیەک کە پێشتر لەژێر ئەم مۆڵەتانەدا رێگەپێدراو بوو، ئێستا قەدەخەیە. تەنیا تاوەکو 23ی ئەیلوولی 2026 مۆڵەتی (DD) بە کۆمپانیاکان دراوە بۆ کۆتاییهێنان بەو گرێبەستانەی کە پێشتر لە بوارەکانی تێپەڕبوونی فڕۆکە و سووتەمەنی و چاککردنەوەی فڕۆکەکان دەستیان پێکردبوو.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، ئەمریکا سزاکانی سەر تارانی لە بوارە جیاوازەکاندا گەیاندووەتە بەرزترین ئاست. ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی گەنجینە دوای ئەوە دێت، واشنتن هەوڵ دەدات سەرجەم ئەو رێڕەوانە دابخات کە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلار، فڕۆکەی نوێ و سیستەمی دارایی جیهانی بەکاریان دەهێنێت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر ئاستی ناوچەکە و ئەورووپا بەردەوامە و ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی ئەم سزایانەوە توانای دارایی و لۆجستیی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە سەربازییەکانی پەکبخات. بەپێی ئامارەکان، کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و بەهۆی نەبوونی پارچەی یەدەگ و فڕۆکەی نوێوە، کێشەی گەورەی بۆ دروستبووە.


.jpg&w=3840&q=75)
