رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 2,200 تمەن دابەزی و یەک دۆلار بە 224,300 تمەن مامەڵەی پێوەکرا.
لە 24 کاژێری رابردوودا، نرخی دۆلار لەنێوان 224,200 بۆ 230,100 تمەن مامەڵەی پێوەکراوە. ئامارەکان دەریدەخەن نرخی دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو 6.25% و لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا 44.06% بەرزبووەتەوە.
گرنگترین هەواڵی ئابووری کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەبوو، لێدوانەکانی عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران بوو سەبارەت بە دۆخی یەدەگی دراو و پلانی بانکەکە بۆ خستنەڕووی دۆلار.
هیممەتی جەختی لەوە کردەوە ئێران سەرچاوەی دراوی بیانیی پێویستی لەبەردەستە و رایگەیاند، بانکی ناوەندی ئامادەیە بڕی دوو ملیار دۆلار بخاتە بازاڕەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە رۆژانی رابردوودا زیاتر پەیوەندی بە دۆخی دەروونییەوە هەبووە نەک هۆکاری راستەقینەی ئابووری و پێشبینیشی کرد ئەو شەپۆلە دەروونییەی بازاڕ دابمرکێتەوە.
ئەم لێدوانانە لای بازرگانان وەک ئاماژەیەک بۆ دەستوەردانی بانکی ناوەندی و زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار لە رۆژانی داهاتوودا لێکدرایەوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی پێشتریش هۆشداری دابوو ئەگەر نرخەکان لە راستییە ئابوورییەکان دووربکەونەوە، بانکەکە دەستوەردان دەکات.
لە پاش ئەم لێدوانانە، ئەو بازرگانانەی بە مەبەستی خۆپارێزی و ترسی گرانبوون، دۆلاریان دەکڕی، پاشەکشەیان کرد، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی خواست و رێگەی خۆشکرد بۆ خۆڕاستکردنەوەی نرخی تمەن.

.jpg&w=3840&q=75)

