رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە، ئەوەش دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمز و ناوچەکانی دیکەدا تێدەپەڕن، ئەوەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پچڕانی درێژخایەنی دابینکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاد کردووە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 52 سەنت یان بەڕێژەی 0.54% بەرزبووەوە و گەیشتە 96.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 66 سەنت یان بە رێژەی 0.72% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 92.14 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 7.8% و نەوتی تەکساس بە رێژەی نزیکەی 10% بەرزبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا و ئێران هێرشەکانیان دەستپێکردەوە و بووە هۆی کەمبوونەوەی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمزەوە، کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، رۆژی شەممە هێزەکانیان سێ کەشتیی نەوتی ئێرانییان پێکاوە، کە یەکێکیان لە کەناراوەکانی دوورگەی خارگ بووە کە ناوەندێکی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە.
لەلایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی شەممە سێ کەشتیی نەوتییان کردووەتە ئامانج کە بە رێڕۆی رێگەپێنەدراودا لە تەنگەی هورمز تێدەپەڕین، لەگەڵ پێکانی سێ کەشتیی دیکەی ئەمریکی لە ناوچەکانی دیکەدا.
کۆمپانیای (Marisks) بۆ زانیاریی دەریایی رایگەیاند، هێرشەکانی رۆژی شەممە پێکدادانی گەورە بوون لە جەنگەکەدا. ئەو کۆمپانیایە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێستا کەشتییە بازرگانییەکان بە ئەنقەست وەک ئامرازێک بۆ گوشاری ئابووریی بەرامبەر بەکاردەهێندرێن، ئەمەش وایکردووە جیاوازی نێوان رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و کەشتیوانی بازرگانی زۆر کەم ببێتەوە."
ئامارەکانی کۆمپانیای (Kpler) بۆ شیکاریی داتاکان دەریدەخەن لە 10 رۆژی رابردوودا، رۆژانە بەتێکڕا تەنیا 10 کەشتیی بازرگانی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، کە نزمترین ئاستە لە مانگی ئایارەوە.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، رۆژی یەکشەممە موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوچەیەکی قەدەخەکراو لە دەرەوەی تەنگەی هورمز رادەگەیێندرێت.
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەدا رایگەیاند، سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی تشرینی یەکەم وەک خۆی دەهێڵێتەوە، چونکە پێویستی بە کاتە بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی نوێی وڵاتان پێش ئەوەی بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بدات.
شارەزایانی بانکی (ANZ) لە یاداشتێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، "وا دەردەکەوێت جەنگی درێژخایەن لەنێوان ئەمریکا و ئێران سیناریۆ هەرە لەپێشینەکە بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی ئاستی دابینکردنی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دۆخی ئاسایی."
ئەو شارەزایانە دەڵێن، "پێشبینی دەکەن هەناردەکردنی نەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بە سنوورداری بمێنێتەوە و گەڕانەوە بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ تاوەکو کۆتایی چارەکی یەکەم یان سەرەتای چارەکی دووەمی ساڵی 2027 درێژە بکێشێت."
.jpg&w=3840&q=75)


