رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دەستەی وەبەرهێنان لە رێگەی (ئینڤێست کوردستان) کە یەکەی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانییە، بەشداری لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی AIM 2026 دەکات. ئەم کۆنگرەیە لە 7 بۆ 9ی ئەیلوولی 2026 لە سەنتەری بازرگانیی جیهانیی دوبەی (DWTC) لە ئیمارات بەڕێوە دەچێت.
بەرگەشت ئاکرەیی، ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی، ئەم ساڵ کۆنگرەکە بە درووشمی (داڕشتنەوەی خۆشگوزەرانیی جیهانی: دەستنیشانکردنی رێڕەوی نوێی وەبەرهێنان بەرەو داهاتوویەکی بەردەوام و گشتگیر) بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا رابەرانی حکومەت، وەبەرهێنەران و سەرکردەکانی بازرگانی لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە.
ئینڤێست کوردستان بەربژێرە بۆ وەرگرتنی خەڵات
بەرگەشت ئاکرەیی دەڵێ، بۆ (ئینڤێست کوردستان)، بەشداریی ئەم ساڵ بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم دەزگایە بەربژێر کراوە بۆ خەڵاتەکانی وەبەرهێنانی AIM 2026 و گوتیشی: "ئەم بەربژێرکردنە ئاماژەیە بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە هەوڵەکانی ئینڤێست کوردستان لە ئاراستەکردن و بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنان و بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگەی وەبەرهێنانی جیهانییەوە."
لە کۆنگرەی AIM 2026دا، شەش کۆمپانیای دیاری هەرێمی کوردستان یاوەریی شاندی ئینڤێست کوردستان دەکەن.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، ئامادەبوونی ئەم کۆمپانیایانە تیشک دەخاتە سەر هێز و فرەجۆریی کەرتی تایبەت لە کوردستان و دەرفەتێک دەبێت بۆ ناساندنی پڕۆژە ناوخۆییەکان بە وەبەرهێنەرانی بیانی. "ئەمە گرنگیی هاوئاهەنگیــی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت دەسەلمێنێت."
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سەبارەت بەم بەشدارییە گوتی: "کاندیدکردنمان بۆ خەڵاتەکانی وەبەرهێنانی AIM، رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنەیە کە هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنانی بیانی بەدەستی هێناوە. ئێمە شانازی دەکەین کە پیشانی دەدەین کوردستان کراوەیە بۆ بازرگانی و ئامادەیە بۆ هاوبەشیی جیهانی."



