رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، دوای رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمز و رێگەکانی دیکەوە دەستیپێکردووەتەوە و کێشەی دابینکردنی مووچە چارەسەر بووە. دەشڵێت، لە مانگی ئەیلوولدا دەست بە دابەشکردنی 300 هەزار پارچە زەوی دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند کە حکومەت لە رێگەی چالاکییەکی دیپلۆماسیی چڕەوە توانیویەتی چەندین رێککەوتنامە و لێکتێگەیشتن واژۆ بکات. گوتیشی: "ئەمە نیشانەی گەڕانەوەی گەرمی و هێزە بۆ پەیوەندییەکانی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان."
ئیحسان عەوادی ئاماژەی بەوە کرد، کە دوای گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ "وڵاتانی شەڕکەری ناو کەنداو"، عێراق توانیویەتی بڕێکی زۆر نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمز و هەروەها لە رێگەی باکوور و رۆژئاوای وڵاتەوە هەناردە بکات. جەختیشی کردەوە کە ئەم هەوڵانە یارمەتیدەری حکومەت بوون لە دابینکردنی پارەی پێویست و دڵنیاکردنەوەی هاونیشتمانییان کە مووچەکانیان پارێزراوە.
سەبارەت بە پڕۆژە ئابوورییەکان، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، کە مۆدێلێکی نوێی ئابووری بۆ کۆمپانیای پاڵاوگەکان پەسند کراوە. بە گوتەی عەوادی، ئەم هەنگاوە ساڵانە 15 ملیار دۆلار بۆ بودجەی گشتی دەگەڕێنێتەوە، بێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت هەبێت.
لە دۆسیەی نیشتەجێبووندا، ئیحسان عەوادی تیشکی خستە سەر پڕۆژەی (نیشتمان بۆ هەموو هاووڵاتییەک) بۆ دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی و گوتی: "لە ماوەیەکی کەمدا توانراوە 300 هەزار پارچە زەوی ئامادە بکرێن؛ بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
عێراق لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمز، رووبەڕووی قەیرانی نەختینە ببووەوە. ئەو دۆخە وایکردبوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب دوابکەوێت.

