رووداو دیجیتاڵ لە چوارەم رۆژی 16ـیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی، شارەزایان هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی کەرەستەی کوالێتی نزم و شێوازی دانانی پانێڵی وزەی خۆر؛ هاوکات جەخت لە توانای پیشەسازیی نێوخۆیی بۆ کێبڕکێی بازاڕەکانی عێراق و جیهان دەکەنەوە. نەبوونی رێنمایی لەبارەی پانێڵی وزەی خۆر لە بەشێکی گفتوگۆکاندا پرسی دانانی پانێڵەکانی وزەی خۆر لەسەر سەربانی خانوو و باڵەخانەکان تاوتوێ کرا. ئەندازیار هێمن شێرزاد، شارەزای بواری کۆنکرێت و تەلارسازی، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی وزەی خۆر لە ساڵی 2020ـەوە لە هەرێمی کوردستان، کێشەیەکی نوێ لە شێوازی دانانی پانێڵەکان سەریهەڵداوە. ئەندازیار هێمن گوتی: "زۆرجار خاوەن ماڵەکان بەبێ رەچاوکردنی مافی دراوسێ و ستانداردەکان، پانێڵەکان لەسەر بەیتوونە یان بە بەرزییەکی زۆر دادەنێن، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستکردنی سێبەر لەسەر ماڵەکانی تەنیشتیان و بێبەشکردنیان لە تیشکی خۆر لە بەیانیدا، جگە لەوەی لە کاتی رەشەبادا مەترسیی گەورەی سەلامەتی دروست دەکات." ئەو ئەندازیارە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە شارەوانییەکان رێنمایی تایبەت دەربکەن و دیزاینەران لە سەرەتاوە شوێنی تایبەت بۆ ئینڤێرتەر و پاتری لەنێو نەخشەی باڵەخانەدا دیاری بکەن. هاوکات شوان محەممەد، راوێژکاری باڵا لە کۆمپانیای ڤیڤا سۆلار، باسی لە گۆشە و ئاراستەی دانانی پانێڵەکان کرد و گوتی: "بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت دووریی نێوان ریزەکانی پانێڵ دوو هێندەی بەرزییەکەی بێت تاوەکو سێبەر لەسەر یەکدی دروست نەکەن. پێشتر بەو جۆرە باو بوو کە دەبێت تەنیا روویان لە باشوور بێت، بەڵام ئێستا بەپێی شوێن و پێویستی دەکرێت بە چەند ئاراستەیەک دابنرێن بۆ ئەوەی لە 12 کاژێردا زۆرترین بەرهەمهێنانی کارەبا دەستبکەوێت." هۆشداری لە بەکارهێنانی 'فیلەر' و ماددەی ژەهراوی لە تەوەرێکی دیکەی دیبەیتەکەدا، رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئێم دی هاوس، تیشکی خستە سەر گرنگیی بۆری و کەرەستەی تەندروستی و کوالێتیی ماددە سەرەتاییەکان. رێباز محەممەد ئاماژەی بەوە کرد: "بۆرییەکانی (PPR) ئەگەر بە ستانداردی راستەقینە دروست بکرێن، تەمەنیان زیاتر لە 50 ساڵە و گەرەنتییان هەیە، بەڵام هەندێک کۆمپانیا بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، ماددەی زیادە (فیلەر) تێکەڵ دەکەن، ئەمەش چڕیی بۆرییەکە کەم دەکاتەوە و تەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت." کێبڕکێی ئەلەمینیۆم و پی ڤی سی محەممەد ئیبراهیم، نوێنەری کۆمپانیای ئارفەم ئەلەمینیۆم، باسی لە پاشەکشەی کەرەستەی پی ڤی سی و گەڕانەوەی ئەلەمینیۆم بۆ بازاڕی بیناسازی کرد و گوتی: "پی ڤی سی لەبەر بەرگەنگرتنی گەرما، گۆڕینی رەنگ و دەرکردنی بۆن کەمتر بەکاردێت. ئێستا ئەلەمینیۆمی مۆدێرن بە شێوازی نوێ جێگەی گرتووەتەوە." ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد کە کارگەکەیان لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان، مانگانە نزیکەی 1500 تۆن ئەلەمینیۆم بەرهەم دەهێنێت و جگە لە دابینکردنی بۆ سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، هەناردەی وڵاتانی ئەورووپاش دەکرێت. پیشەسازیی ناوخۆیی و پانێڵی کارەبا ئالان حەمەدئەمین، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەندازیاریی کارەبا، تیشکی خستە سەر توانای کارگەکانی هەولێر لە بەرهەمهێنانی پانێڵە ئاڵۆزەکانی هاوکاتکردنی کارەبا (Synchronization Panels) بە کوالێتیی جیهانی و بەکارهێنانی کەرەستەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکانی وەک شنایدەر. ئالان حەمەدئەمین ئاماژە بەوە دەکات: "توانیمان لە رێگەی ئەم پێشانگەیەوە سەلمێنەری ئەوە بین کە لە هەولێر دەتوانرێت تەواوی بۆرد و وێستگە گۆڕاوەکانی کارەبا بەرهەمبهێندرێن، بە جۆرێک کە ئێستا لە پرۆژە گەورەکانی بەغدا و خوارووی عێراق، وەک هۆتێل ریکسۆس، پشت بە بەرهەمەکانمان دەبەسترێت."
ئابووری30-08-2026هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا زیانی زیاتر لە 700 هەزار دۆلاریان بە بازرگانانی کورد لە رووسیا گەیاندووە