رووداو دیجیتاڵ
دوای زنجیرەیەک لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە هەولێر، نرخی لیترێک بە کۆ نزیکەی 250 دینار دابەزی، بەڵام لە زۆربەی بەنزینخانەکان کە بەنزینی پێشوویان هەیە، هێشتا نرخ بەو شێوەیە دانەبەزیوە و لیترێک لەنێوان 150 بۆ 200 دینار دابەزیوە. لە شارەکانی دیکە نرخەکە جێگیرە.
رۆژی یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزین بە کۆ دابەزیوە بۆ هەزار و 400 دینار، واتە هەر لیترێک 250 دینار دابەزیوە".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانیش بەرەو دابەزین چووە، بە جۆرێک لە هەندێک بەنزینخانە لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 1550 دینارە و لە بەشێکی بەنزینخانەکان کە بەنزینی پێشوویان ماوە، هێشتا لیتری لەنێوان 1600 بۆ 1700 دینارە.
هەفتەی رابردوو لە هەولێر نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی هەزار و 850 دینار بوو. زیادکردنی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناریی حکومی لە هەولێر بە هۆکارێکی کەمێک دابەزینی نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی دەزانرێ.
نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر لە هەولێر جێگیرە. لیتری موحەسەن نزیکەی 2250 دینارە و سوپەر 2500 دینارە. جۆرێکی دیکەی بەنزین هاتووەتە بازاڕی هەولێرەوە بە ناوی "سوپەری تورکی" و لیتری بە هەزار و 900 دینارە.
بۆ راگرتنی هاوسەنگیی نرخ، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە 38 بەنزینخانە بەنزین بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرێ.
نرخی بەنزین لە شارەکانی دیکە
نرخی بەنزینی بازرگانی زیاتر لە مانگێکە لە سلێمانی و هەڵەبجە جێگیرە. لیتری نۆرماڵ لە سلێمانی بە هەزار و 200 دینارە؛ لە هەڵەبجە لیتری بە هەزار و 350 دینار دەفرۆشرێ. بەنزینی موحەسەن لە سلێمانی و هەڵەبجە لیتری بە نزیکەی هەزار و 750 دینارە و سوپەر بە هەزار و 900 دینار.
هەروەها دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک بەردەوامە.
لە دهۆک نرخی بەنزینی بازرگانی نزیکە لە نرخی هەولێر و دوای ماوەیەکی کورت لە گۆڕانکاری لە نرخی جۆرەکانی بەنزین لە هەولێر، هەمان گۆڕانکاری لە دهۆکیش روودەدات.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لە دوای ئەو رێککەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر دەبووەوە. پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لەنێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.
دوێنێ 29ی ئاب، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پێشتریش گوتوومانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشی بەنزینی ئێمە ناکات و هەموو کات داوای 115 هەزار بەرمیلمان کردووە. حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە تەنیا 50 هەزار بەرمیل بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەمان بڕیاردا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر 50 هەزار بەرمیل بەشی نەکرد، 15 هەزاری دیکە وەک بەرهەمە نەوتییەکان زیاد دەکەین".
بەگوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 900 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، بەڵام لە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەتوانرێ ملیۆنێک و 700 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم بهێندرێت و بەشی ئەو ژمارەیەی ئۆتۆمبێلانە ناکات.
کەمال محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان داوایان کردووە حکومەتی عێراق یان بەگوێرەی سەرژمێری (کە هەرێمی کوردستان 14%ی دانیشتووانی عێراقە) بەنزینیان بۆ دابین بکات، یان بەگوێرەی پشکی ئێستای هەرێمی کوردستان کە رێژەکەی بە 12.67% دیاری کراوە، بەو پێیەش پشکی رۆژانەی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت لە 126 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
لەبارەی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کەمی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی: "20ی مانگ بە نووسراو داوامان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد بڕی پێدانی نەوتی خاو زیاد بکەن بۆمان. ئەوان دایانە ئەنجوومەنی وەزیرانی خۆیان، دواتر لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهات بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە. لیژنەکە 26ی ئاب وەزارەتی نەوتیان بانگ کرد، 27ی مانگ وەزارەتی ئێمەیان بانگهێشت کرد و ئێمەش هەموو داتاکانمان رادەست کردن و هیوادارین راسپاردەی لیژنەکە بۆ پەرلەمان بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی دروست بدەن".
بەگوتەی کەمال محەممەد، لیژنەکە دوای هەفتەیەک راپۆرتی خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر رێژەی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە و دواتر دەدرێتەوە وەزارەتی نەوت و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەری.
.jpg&w=3840&q=75)


