رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا نزیکەی 20 دۆلار لە هەر ئۆنسەیەکدا دابەزی. ئەوەش دوای ئەوەی لە مامەڵەکانی دوێنێدا بەرزترین ئاستی سێ مانگی رابردووی تۆمار کرد. ئێستا وەبەرهێنەران چاویان لە راپۆرتێکی گرنگی هەڵاوسانی ئەمریکایە بۆئەوەی ئاراستەی داهاتووی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە بزانن.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە نزیکەی 4640 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. رۆژی سێشەممە نرخەکان گەیشتنە بەرزترین ئاست لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە، ئەوەش دوای ئەو بەرزبوونەوە خێرایەی هەفتەی رابردوو کە بەهۆی بڕیاری وەزارەتی دارایی ئەمریکا بۆ کڕینەوەی قەواڵە داراییەکان هاتە کایەوە.
بڕیارە کاژێر 03:30ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، پێنوێنەکانی خەرجیی بەکارهێنانی تاکەکەسی (PCE) بۆ مانگی تەممووز بڵاوبکرێنەوە، کە پێنوێنێکی دڵخوازی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە بۆ پێوانەکردنی هەڵاوسان. هەروەها سەرنجەکان لەسەر گوتارەکەی کیڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە رۆژی هەینی لە کۆڕبەندی (جاکسۆن هۆڵ) پێشکێشی بکات.
وائیل مەکارم، گەورە ستراتیژیستی بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (Exness) رایگەیاند، "بۆ زێڕ، باشترین دەرەنجام ئەوەیە کە ئامارەکانی هەڵاوسان نزمتر بن لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، لەگەڵ پەیامێکی نەرمی کیڤن وارش؛ ئەمەش وادەکات چاوەڕوانییەکان بۆ دابەزینی سوودی راستەقینە زیاد بکەن و تێچووی هەڵگرتنی زێڕ وەک داراییەکی بێ سوود کەم بکاتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کرد، "دابەزینی دووبارەی متمانە بە سەقامگیریی دارایی ئەمریکا، دەکرێت کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەبێت، بەتایبەت دوای پلانەکانی وەزارەتی دارایی بۆ کڕینەوەی قەواڵەکان."
سەرەتای ئەم مانگە، داتاکان دابەزینی چاوەڕواننەکراویان لە ژمارەی رەخسانی هەلەکانی کارکردن نیشاندا، ئەمەش وایکرد چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لە مانگی ئەیلوولدا کەم ببنەوە. بەگوێرەی پێوەری (CME FedWatch)، بازرگانان بە رێژەی 63.6% پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوود وەک خۆی بهێڵێتەوە و دەستکاریی نەکات.
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی سیاسی ئێران رایگەیاند، گفتوگۆکانی لەگەڵ عومانی هاوسێی بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز دەستپێکردووەتەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا.
کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) رایگەیاند، ئابووریی جیهان باشتر لەوەی مەترسیی لێ دەکرا بەرگەی شۆکی وزەی نێوان ئێران و ئەمریکای گرتووە، بەڵام نیگەرانیی خۆی نیشان دا بەرامبەر خراپبوونی بارودۆخی دارایی لە هەندێک وڵاتدا.



