رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە لەسەر ئاستی جیهان نرخی بلیتی گەشتە ئاسمانییەکانی بە رێژەی 20% بەرزکردووەتەوە، راگرتنی پێدانی دۆلار بە گەشتیارانیش لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاری و ئابووریی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، گەشتیار بۆ ئەو خزمەتگوزارییە روو لە فڕۆکەخانەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکەن.
موهەنەد ئەحمەد میر، پسپۆڕی کەرتی فڕۆکەوانی لە هێڵی ئاسمانیی فلای ئەربیل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند:" نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تێچووی گەشتە ئاسمانییەکان داناوە. ئەو دەڵێت: "ساڵی رابردوو بەرمیلێک سووتەمەنیی فڕۆکە بە نزیکەی 90 دۆلار بوو ، بەڵام ئەم ساڵ نرخەکەی بۆ زیاتر لە 160 دۆلار بەرزبووەتەوە."
ئەم بەرزبوونەوەیە وایکردووە نرخی هەر گالۆنێک سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەکانی جیهاندا لە دوو دۆلارەوە بۆ نزیکەی شەش بۆ حەوت دۆلار بەرز ببێتەوە، هێڵە ئاسمانییەکان ناچاربوون نرخەکانیان بگۆڕن بۆیە وەکو ئەو پسپۆرە دەڵێت: "نرخی بلیتی فڕۆکە نزیکەی 20% بەرز ببێتەوە."
موهەنەد ئەحمەد باسی کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەمانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی دەکات و دەڵێت: "ئەو پاڵپشتییە گەشتیارییەی پێشتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشکێش بە گەشتیاران دەکرا، ئێستا نەماوە و ئەمەش بە دڵنیاییەوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژمارەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە."
ئەو پسپۆڕەی فلای ئەربیل روونیکردەوە نەبوونی ئەم خزمەتگوزارییە وایکردووە بەشێک لە گەشتیاران بیر لە جێگرەوەی دیکە بکەنەوە، وایکردووە گەشتیار بچنە پارێزگاکانی دیکە، بۆ نموونە، خەڵک لە هەولێرەوە دەچنە کەرکووک و لەوێوە گەشت دەکەن."
ئەو هیوای خواست ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و پێدانی دۆلاری گەشتیاری بە شێوەیەکی "دادپەروەرانە" هەموو خەڵکی عێراق بگرێتەوە.
موهەنەد ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کەرتی فڕۆکەوانی پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ سیستمی ئابووری و گەشتیاریی وڵاتدا هەیە و کەمبوونەوەی گەشتیار کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتی ناوخۆ دادەنێت. "کاتێک گەشتیار کەم دەکات، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەرتی گەشتیاری و ئابووری بە شێوەیەکی گشتی دەبێت، چونکە ئەو گەشتیارەی دێتە هەولێر، پارە لەگەڵ خۆی دێنێت و دەيخاتە نێو سیستمی ئابووریی وڵاتەوە."
سەبارەت بە رۆڵی هێڵی ئاسمانیی فلای ئەربیل، ناوبراو رایگەیاند ئەوان وەکو تاکە هێڵی ئاسمانیی نێوخۆیی و کوردی و عێراقی گەشتی راستەوخۆیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ چەندین وڵاتی ئەورووپی هەیە، لەوانە ئەڵمانیا، دانیمارک و بەریتانیا. هەروەها گەشتی رۆژانەیان بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکەی دەوروبەر هەیە. بەپێی ئامارەکانی ئەو کۆمپانیایە، فلای ئەربیل لە رۆژی دامەزراندنییەوە نزیکەی 10,000 گەشتی کردووە لە و ئێستا هەفتانە "زیاتر لە 30 بۆ 40 گەشت" دەکات بۆ زیاتر لە 15 وڵاتی جیاواز.
لەبارەی گەشتەکانیان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، موهەنەد ئەحمەد دەڵێت: "تاوەکو ئەم ساڵ نەمانتوانیبوو گەشت لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی بکەین، چونکە ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەکەدا داخرابوو، بەڵام بەرنامەمان هەیە لە دوای ئەوەی گەمارۆکە هەڵگیرا، لە ماوەیەکی نزیکدا گەشتەکانمان لەوێشەوە دەستپێبکەین."
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی هەندێکجار لە ئاستی سەلامەتیی فڕۆکەکان دەگیرێن، پسپۆڕەکەی فلای ئەربیل دڵنیایی دا و گوتی: "هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت گەشتێک بکات، ئەگەر بە دەیان رێکاری سەلامەتیدا تێنەپەڕێت."
فڕۆکەکانی فلای ئەربیل لە جۆری 'ئێرباس A320'ن، هەمان جۆری فڕۆکەن کە "هێڵە ئاسمانییە ئەوروپییەکان و کەنداو بەکاریدەهێنن"، بۆ ئەوەش وەکو پسپۆرەکەی کۆمپانیاکە دەڵێت :" پێویستە چەندین بڕوانامەی سەلامەتیی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت."
موهەنەد ئەحمەد میر باسی لە گرنگیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە زمانی کوردی لەنێو فڕۆکەکاندا کرد و گوتی: "حەز دەکەیت کاتێک گەشت دەکەیت، خزمەتگوزارییەکان بە زمانی شیرینی کوردی پێشکەشت بکرێن. کاتێک بە کوردی روونکردنەوەت پێدەدرێت، باشتر تێدەگەیت و هەست بە ئارامییەکی زیاتر دەکەیت."



