رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە نرخی زێڕ بەردەوام بەرز دەبێتەوە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 هەزار دینار بەرز بووەوە.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 21ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 990 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، هەروەها عەیاری 22 بە ملیۆنێک و 37 هەزار دینارە".
هەر ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 848 هەزار دینار و عەیاری 14 بە 659 هەزار دینارە.
دوێنێ نرخی زێڕ بەمشێوەیە بوو:
- مسقاڵێک عەیار 21: 965 هەزار دینار
- مسقاڵێک عەیار 18: 1,010,000 هەزار دینار
- مسقاڵێک عەیار 18: 827 هەزار دینار
- مسقاڵێک عەیار 14: 643 هەزار دینار
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان ناجێگیرە و چەند رۆژێکە روو لە بەرزبوونەوەیە، ئەو نرخەی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای ئۆنسەیەک زێڕ بە 4591 دۆلار و 100 دۆلار بەرامبەر 154 هەزار و 500 دیناری دیاریکراوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕی کڕینەوەی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی وڵاتەکەی لە چارەکی دارایی داهاتوودا دوو هێندە دەکات. ئەمەش نرخی قەواڵەکانی ئەو وڵاتەی دابەزاند و نرخی زێڕی بەرزکردەوە.
دابەزینی نرخی قەواڵەکان و دۆلار لە کاتی ئاساییدا نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە، بەتایبەتیش کە زێڕ بە پێچەوانەی قەواڵەکان سوودی لەسەر نییە.
جگە لەوەش، زیادبوونی بڕی دۆلار لە بازاڕەکاندا بەهۆی ئەم رێکارانەوە، یارمەتیدەر بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

.webp&w=3840&q=75)
