رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوت لە ناوچەکە و کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 0.28% بەرزبووەوە و گەیشتە 91.87 دۆلار، لەکاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا گەیشتە 86 دۆلار.
لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بە هەموو جۆرەکانییەوە بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە و دوێنێ چوارشەممە، گەیشتنە بەرزترین ئاستیان لە 24ـی تەممووزەوە، ئێستاش لە نزیک ئەو ئاستە ماونەتەوە.
هیرۆیۆکی کیکوکاوا، سەرۆکی بەشی ستراتیژیی لە دامەزراوەی نیسان سیکیوریتیز رایگەیاند: "نرخی نەوت بە بەرزی مایەوە، چونکە بازاڕ لەلایەن هێرشە پچڕپچڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام هیچ پاڵنەرێکی نوێی نییە بەبێ ئەوەی گرژییەکی گەورە رووبدات."
کیکوکاوا ئاماژەی بەوە کرد: "پێدەچێت بازاڕ بەردەوام بێت لەسەر رەوتی وردەوردە بەرزبوونەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی نادڵنیایی لەبارەی گفتوگۆکانی ئاشتی و گرژییەکانی نێوان ئیمارات، عوممان و ئێران."
بڕیارەکەی ئیمارات بۆ راگرتنی سەرجەم مامەڵە دارایی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار، جارێکی دیکە سەرنجەکانی خستووەتە سەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە ئاستی پێش گرژییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، یەدەگی سووتەمەنیی دیزڵ و نەوتی گەرمکەرەوە لە ئەمریکا بۆ سێیەم هەفتەی لەسەریەک دابەزیوە، بەڵام یەدەگی نەوتی خاو لە هەفتەی رابردوودا 4.4 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە، ئەمەش پێچەوانەی پێشبینییەکان بوو کە چاوەڕێی کەمبوونەوەی 600 هەزار بەرمیلیان دەکرد.



