رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا (TÜİK) ئامارەکانی هێزی کاری بۆ چارەکی دووەمی ساڵی 2026 (مانگی نیسان - حوزەیران) بڵاوکردەوە، کە تێیدا رێژەی بێکاری بە بەراورد بە چارەکی پێشوو 0.3 خاڵ دابەزیوە و گەیشتووەتە 7.9%.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ژمارەی بێکارانی تەمەن 15 ساڵ و سەرووتر لەم ماوەیەدا 84 هەزار کەس کەمی کردووە و بووەتە دوو ملیۆن و 799 هەزار کەس.
رێژەی بێکاری لە نێو پیاواندا 6.7% و لە نێو ژنانیشدا 10.3% تۆمار کراوە.
هاوکات ژمارەی ئەوانەی دامەزراون 155 هەزار کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە 32 ملیۆن و 479 هەزار کەس، کە رێژەی دامەزراندن لە نێو پیاواندا 65.8% و لە نێو ژنانیشدا 31.6% بووە.
لە هەمان کاتدا، رێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا (تەمەن 15-24 ساڵ) یەک خاڵ دابەزیوە بۆ 13.9%.
لەڕووی سێکتەرەکانەوە، لە کاتێکدا کەرتی خزمەتگوزاری 240 هەزار دەرفەتی کاری نوێی رەخساندووە، لە کەرتی پیشەسازی 121 هەزار کەس کاریان لەدەست داوە.
هەروەها تێکڕای کاژێری کارکردنی هەفتانە بەرزبووەتەوە بۆ 42.3 کاژێر لە هەفتەیەکدا.
ئابووریی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا لەژێر کاریگەریی بەرنامەی تووندی دارایی و بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوساندایە.
بەرزبوونەوەی دەرفەتی کار لە کەرتی خزمەتگوزاری و گەشتوگوزار لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا بەردەوام کاریگەریی ئەرێنی لەسەر رێژەی گشتیی بێکاری دروست دەکات، بەڵام داکشانی هەلی کار لە کەرتی پیشەسازیدا نیشانەی خاوبوونەوەی بەرهەمهێنان و گوشارەکانی بەرزیی سوودی بانک و تێچووی بەرهەمهێنانە لەسەر کارگەکان.


.jpg&w=3840&q=75)
