گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هۆکاری ئاگرەکەی تانجەرۆ کارەبا بووە و نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار زیانی هەبووە.
رامیار رزگار گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری رایگەیاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی تانجەرۆ کارەبا بووە کە لەگەڵ بەنزینەکەدا کارلێکی کردووە.
باسی لەوەشكرد، لە سەرەتادا ئاگرەکە بچووک بووە، بەڵام لەو کاتەی سەرقاڵی رزرگارکردنی ئەو کارمەندە بوون کە ئاگری گرتووە، ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و گەورە بووە.
لە رووداوی ئاگرکەوتنەکەی شەوی 17ـی ئاب زیاتر لە 25 کەس بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە، گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی گوتی،" بە گشتی کۆگاکە نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە".
بە گوێرەی ئەو ئامارەی گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی خستیەڕوو، 37 تانکی 100 هەزار لیتری لە کۆگاکەدا بووە، کە 33 تانکیان بەنزین و نەفتا و ماددەی ریفۆرمێت و چوار تانکیان گازوایل بوون.
بە گوتەی رامیار رزگار کە خۆی لە رابردوو پێش سووتانی سەردانی کۆگاکەی کردووە، کۆگاکە مۆڵەتی لایەنە فەرمییەکانی هەبووە و سیستمێکی سەلامەتی کوژاندنەوە و رێگریکردن لە ئاگری داناوە.

.jpg&w=3840&q=75)
