رووداو دیجیتاڵ
لە نووسراوێکدا کە واژۆی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، تێیدا سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە ئەو بازرگانانەی گەنم هەناردە دەکەن لە گومرگ دەبەخشرێن.
نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 2554 و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنەکەی لەسەرە و لە 17ی ئابی 2026 دەرچووە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "کاری پێویست دەکرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەن؛ لێخۆشبوونەکەش بۆ یەک مانگ دەبێت."
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بازرگانەکان داوای لێخۆشبوونیان کردبوو، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی دەرکردووە بۆئەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنی گەنم ئاسانتر بێت و جگە لە بازرگانان، جووتیارانیش بەهۆیەوە سوودمەند دەبن."
ئاکرەیی گوتیشی، جگە لە هەناردەکردنی گەنم، هەردوو کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی و خۆشناو لە هەولێر و دهۆک، گەنمی جووتیاران وەکو کەرتی تایبەت وەردەگرنەوە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەک گەنمی نێو پلانی چاندن وەرگیرا، هەروەها زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بوو، کە تۆنی بە 500 هەزار دینار کڕایەوە.



.jpg&w=3840&q=75)

