رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای سنە بۆ کاروباری بازرگانیی دەرەکی و پەرەپێدانی بازرگانی رایگەیاند، لە سێ مانگی بەهاری ئەم ساڵدا بایی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار کەلوپەل بە کارتی سنوورنشینی هاوردە کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، تەها سەمیعی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای سنە بۆ کاروباری بازرگانی دەرەکی و پەرەپێدانی بازرگانی رایگەیاند، بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە سنووری چوار شاری سنووریی پارێزگاکە، کە شارەکانی بانە، سەوڵاوا، سەقز و مەریوان لە خۆدەگرێ، لە مانگی یەکەمی بەهاری ئەم ساڵدا بایی دوو ملیۆن و 177 هەزار و 453 دۆلار، لە مانگی دووەمدا بایی شەش ملیۆن و 318 هەزار و 320 دۆلار و لە مانگی سێیەمدا بایی 11 ملیۆن و 891 هەزار و 696 دۆلار کەلوپەل بە کارتی دانیشتوانی سنوورەکان هاوردە کراوە.
بە گوتەی تەها سەمیعی، لەو ماوەیەدا کۆی گشتیی بەکارهێنانی کارتی سنوورنشینی بۆ هاوردەکردنی کاڵا 32 هەزار و 668 جار بووە و کۆی گشتیی هاوردەکردنیش لەو رێگەیەوە بایی زیاتر لە 20 ملیۆن و 387 هەزار و 469 دۆلار بووە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای سنە روونیکردەوە، 14 هەزار و 422 خێزان لە سنووری مەریوان کارتی سنوورنشینیان پێدراوە؛ 849 خێزان لە سەقز، حەوت هەزار و 852 خێزان لە سنووری سەوڵاوا و 16 هەزار و 211 خێزان لە سنووری بانە کارتی سنوورنشینیان هەیە.
حکومەتی ئێران بە مەبەستی بووژانەوەی ئابووریی ناوچە سنووری و پەراوێزخراوەکان، لە ساڵی 2012ـەوە لە پارێزگا سنوورییەکان سیستمی کارتی ئەلیکترۆنی سنوورنشینان پەیڕەو دەکات، کە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەرفەت دەڕەخسێنێت بە شێوەیەکی یاسایی و بە لێخۆشبوونی گومرگی کاڵا هاوردە بکەن.
کارتی سنوورنشینی لە 17 پارێزگای ئێران جێبەجێ دەکرێ، کە چوار پارێزگای ورمێ، سنە،کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
