رووداو - دیجیتاڵ
بازاڕی بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی کە بە نرخێکی زۆر هەرزانتر
لە نرخی گشتی دەفرۆشرێت، تەنگی بە شۆفێران هەڵچنیوە و زیانێکی زۆری بە بزوێنەری
ئۆتۆمبێلەکان گەیاندووە؛ لە هەولێریش بەو جۆرە سووتەمەنییە نایاساییانە دەگوترێت
"پێلەقە".
رۆژانە بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی کە لە هەندێک بەنزینخانەی
ڕێگەی هەولێر - دهۆک دەفرۆشرێت، کێشەی گەورە بۆ شۆفێران دروست دەکات. مەڕوان نیحۆ،
کە کاسبکارە و بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەی بەو بەنزینە تێکچووە، ڕایگەیاند کە تۆبەی
کردووە و داوا لە شۆفێرانی دیکەش دەکات ئەو بەنزینە نۆڕماڵە هەرزانە نەکرێن. لە
لایەکی تریشەوە، عەدنان گەیلانی کە فیتەرە، ئاماژەی بەوە کرد کە نیوەی ئەو
ئۆتۆمبێلانەی سەردانی گەراجەکەیان دەکەن، بزوێنەریان بەهۆی خراپیی بەنزینەوە
داگیراون و تێکچوون.
بەگوێرەی ڕێنماییەکانی سامانە سروشتییەکان، پێویستە ئۆکتانی
بەنزینی نۆڕماڵ لە نێوان 89 بۆ 91 بێت، نابێت هیچ ماددەیەکی میسانۆڵ و ئیسانۆڵی
تێدابێت و ئۆکسجینەکەشی لە 1.3 تێپەڕ نەبێت. بەڵام پشکنینەکان پێچەوانەی ئەمەیان
سەلماند؛ بۆ نموونە، بەنزینی یەکەم ئۆکتانی 87.7 بوو، میسانۆڵەکەی 8.47 بوو و
ئۆکسجینەکەی گەیشتبووە 6.82. بەنزینی دووەمیش ئۆکتانی 88.3 بوو، بڕی میسانۆڵەکەی
17 بوو و ئۆکسجینی گەیشتبووە 12. تەنها بەنزینی سێیەم بەشێکی زۆری مەرجەکانی تێدا
بوو کە ئۆکتانی 91.4 بوو و میسانۆڵەکەی سفڕ بوو.
رەوشەکەی ناو بازار و فرۆشتنی ئەم بەنزینە نزمە وای کردووە
کە دەسەڵاتداران بێدەنگ نەبن، بە جۆرێک تەنیا لە هەولێر و لە سەرەتای قەیرانی
بەنزینەوە، زیاتر لە 90 بەنزینخانە بەهۆی کوالێتی نزمەوە سزادراون.

