رووداو دیجیتاڵ
لە شوباتی رابردووەوە جەنگی ئێران دەستیپێکردووە و لەو ساتەوە هاتووچۆ بە تەنگەی هورمزدا سست بووە یان بەتەواوی وەستاوە. لە 20ی تەممووزیشەوە، لە وەڵامی گەمارۆی ئاسمانی و دەریایی سعودیەدا، حووسییەکان گەمارۆیان بەسەر کەشتییەکانی ریازدا سەپاندووە و رێگەیان نادەن بە تەنگەی بابول مەندەبدا بڕۆن. ئەو جەنگ و گرژییانە کاریگەرییان لەسەر گواستنەوەی کەلوپەل و گرانبوونی سووتەمەنی و کەلوپەل هەبووە.
کاریگەریی جەنگەکە لەسەر وزە
28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران؛ ئەویش بە درۆن، مووشەک وەڵامیدانەوە و هێرشیکردە سەر وڵاتانی دراوسێ. زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە بەرهەمهینەری نەوتن و بەهۆی شەڕەکەوە بەرهەمهێنانیان وەستاند یان بۆ کەمترین ئاست دایانبەزاند.
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دەریایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش جەنگ رۆژانە 120 کەشتیی نەوتهەڵگر بە تەنگەی هورمزدا دەڕۆیشتن کە 20٪ی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بوو لە رۆژێکدا. لە دەستپێکی جەنگەکەوە، ئەو هەناردەیە نزیکەی 95٪ بە تێکڕا دابەزیووە. ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ گەورە بەکارهێنەرانی نەوتی جیهان، لەوانە چین، هیندستان، وڵاتانی ئەورووپا و پاکستان رووبەڕووی کەمی وزە ببنەوە.
لە ئابووریدا، بەرزبوونەوەی خواست واتا بەرزبوونەوەی نرخ، بەم جۆرە جەنگەکە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی لە 72 دۆلارەوە گەیاندە 120 دۆلار. ئێستاش بەرمیلێک بە 79 دۆلارە و هێشتا نەگەیشتووەتەوە پێش دەستپێکی جەنگ.
جەنگ و گواستنەوەی دەریایی
بە گوێرەی ماڵپەڕی "شیپ فایندەر"، ماڵپەڕێکی نێودەوڵەتییە و لە رێگەیەوە چاودێریی جووڵەی کەشتییەکان دەکرێت، لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە بەردەوام سێ هەزار و 500 کەشتی کە هەزار و 200 بۆ هەزار و 500یان کەشتی گواستنەوەی کەلوپەل و سووتەمەنی بوون لە کەنداوی فارس و کەنداوی عوماندا گیریان خواردووە و ناتوانن بگەنە شوێنی مەبەست.
ماڵپەڕەکە دەڵێت، بەشێکی کەشتییەکان لەنێوان 15 رۆژ بۆ سێ مانگ لەو ناوچەیەدا ماونەتەوە. ئەمەش خەرجییەکی زۆر دەخاتە سەر کۆمپانیاکانی دڵنیایی، کۆمپانیاکانی گواستنەوە و چەندین دامەزراوەی دیکە.
ململانێی سعودیە و حووسییەکان
کانوونی دووەمی 2015، حووسییەکان سەنعای پایتەختی یەمەنیان کۆنترۆڵکرد و لەژێر دەستی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی دەرهێنا. دوو مانگ دواتر، سعودیە و هاوپەیمانەکانی گەمارۆی دەریایی، ئاسمانی و وشکانیان خستەسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن.
حووسییەکان ناوچەیەکی ستراتیژیان لە یەمەن کۆنترۆڵکردووە، ئەویش کەناراوەکانی رۆژئاوا و نزیک تەنگەی بابول مەندەبە. بەگوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، نزیکەی 12٪ی بازرگانی کەلوپەل و 15٪ی وزەی جیهان بەو تەنگەیەدا تێپەڕ دەبێت.
لە 20ی تەممووزەوە، حووسییەکان دەستیان بە وەڵامدانەوەی گەمارۆکەی سعودیە و هاوپەیمانەکانی کرد و گەمارۆیان بەسەر کەشتییەکانی ئەو وڵاتەدا سەپاند.
بەگوێرەی داتای مانگی دەستکردی ئێڵ ئی سی جی نێودەوڵەتی، لەو کاتەوە لانیکەم 10 کەشتیی سعودی ناچاربوون رێڕۆی خۆیان بگۆڕن و بە تەنگەی بابلومەندەبدا نەڕۆن بۆ ئەوەی بگەنەوە بەندەرەکانی وڵاتەکەیان. بەمەش کەشتییەکانی سعودیە رێگەی سووڕانەوە بە دەوری باشووری ئەفریقایان هەڵبژارد کە نزیکەی 12 هەزار کیلۆمەترە بۆ ئەوەی بگەنەوە وڵاتەکەیان.
بە گوێرەی مانگە دەستکردەکان، بڕینی ئەو رێگایە پێویستی بە نزیکەی 20 بۆ 25 رۆژە. دواکەوتنی کەشتییەکان لە گەیشتنەوەیان بە سعودیە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەبێت. ئەمەش لەبەر سنوورداری ژمارەیان.
نرخەکان چۆن دەگۆڕێن؟
بە گوێرەی دامەزراوەی لۆدستار یونتی، دواکەوتنی هەر کەشتییەک بۆ گەیشتنەوەی بە شوێنی مەبەست رۆژانە 50 هەزار بۆ 150 هەزار دۆلار لەسەر کۆمپانیای گواستنەوە دەکەوێت. ئەم خەرجییەش لە کۆتاییدا بەکاربەر یان هاووڵاتیی دەیدات، جا بە گرانبوونی وزە بێت یان کەلوپەل.
ئەو جیاوازییە بۆ دواکەوتن لە رۆژێکدا پەیوەندی ژمارەی سەرنشینەکانی نێو کەشتییەکان، وزە (ئایا کەشتییەکە لە جوڵە دایە یان وەستاوە) و چەندین خەرجی دیکە دایە.



