رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش لەکاتێکدایە وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئایا پێشڤەچوونەکانی گفتوگۆی نێوان ئێران و عومان دەبێتە هۆی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمز.
نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی برێنت 37 سەنت، واتە بە رێژەی 0.05٪ دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 79.07 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش بە بڕی 53 سەنت، واتە بە رێژەی 0.7٪ دابەزی و گەیشتە 74.69 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
یوکی تاکاشیمای، ئابووریناس لە کۆمپانیای راوێژکاریی (نۆمۆرا سیکیۆریتی ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گوشارەکانی فرۆشتن دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە هات کە باس لە پێشڤەچوونی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان دەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد نرخەکان گەڕاونەتەوە بۆ ئەو ئاستەی لە 17ی حوزەیراندا تۆمارکرابوو، کاتێک هەردوولا رێککەوتنێکی کاتییان واژۆ کردبوو.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، پێشنیازی رێککەوتنەکە کە لەلایەن عومانەوە نێوبژیوانی دەکرێت، ماف دەداتە تاران بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کەشتییانەی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەچنە ناو کەنداو، ئەمەش بە یەکێک لە گەورەترین سازشەکان بۆ ئێران دادەنرێت.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز نزیکە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەو پێشنیازە نەداوە و جەخت دەکەنەوە رێگە نادەن ئێران کۆنترۆڵی گرنگترین رێڕۆی بازرگانیی وزە لە جیهاندا بکات.
هاوکات، پێنج سەرچاوەی ئاگادار رایانگەیاندووە ئێران هۆشداریی داوەتە وڵاتانی کەنداو هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی تووند و کردنەئامانجی ژێرخانی وزەی ناوچەکە.
لە لایەکی دیکەوە، حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند دوو هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر کەشتییە نەوتەکانی سعودیە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بەڵام سعودیە تاوەکو ئێستا ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. تاکاشیمای دەڵێت، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی ئەوەی گەشبینییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پەککەوتنی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی کەمببنەوە.
سەبارەت بە کۆگەکانی نەوتی ئەمریکا، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەو وڵاتە (EIA) بڵاویکردەوە، لە هەفتەی کۆتایی تەممووزدا، کۆگەکانی نەوتی خاو 2.5 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە 407 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش پێچەوانەی پێشبینییەکانی بازاڕ بوو کە چاوەڕێی دابەزینی قەبارەی کۆگەکانیان دەکرد.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)

