رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق، زانیاریی نوێ لەسەر "کەمی نەختینە"، بەردەوامیی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە و سزادانی دەیان کۆمپانیا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، کورتهێنان لە نەختینەی دینار لە بازاڕدا هەیە و نکۆڵی لێناکرێ.
رۆژی چوارشەممە 5ی ئابی 2026؛ زیا تائی، سەرۆکی سەندیکای نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و نێوەندگیری دارایی لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناکرێ نکۆڵی لە هەبوونی کورتهێنان لە نەختینەی دینار بکرێ. ئەمە تێبینییەکە کە هەموو ئەوانەی لە کەرتە جیاوازەکاندا مامەڵە دەکەن، هەستی پێدەکەن."
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، زیا تائی دوو پێشنیاز دەخاتەڕوو و دەڵێت، "پێویستە پەیکەری دراوی نیشتمانی دابڕێژرێتەوە، وەک لابردنی سفرەکان، چونکە ئەمە رێگە دەدات قەبارەی ئەو پارەیەی لە بازاڕدا دەستاودەستی پێدەکرێ دیاری بکرێت و هاوکاریش دەبێت بۆ جیاکردنەوەی ئەو پارەیەی لە دەرەوەی سیستمی بانکی کۆکراوەتەوە."
تائی جەختی لە خاڵی دووەمیش کردەوە کە بریتییە لە بەهێزکردنی سیستمی "پارەدانی ئەلیکترۆنی" و گوتی، "تەنیا فراوانکردنی ژێرخانەکە بەس نییە، بەڵکو دەبێت حکومەت هانی هاووڵاتییان بدات بۆ ئەوەی بەکاریبهێنن، تاوەکو پشتبەستن بە دراوی کاخەز کەم ببێتەوە."
سەبارەت بە پەیوەندیی دارایی نێوان بەغدا و واشنتن، سەرۆکی سەندیکاکە ئاماژەی بەوە کرد کە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بەردەوامە لە دابینکردنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق. گوتیشی، "هەرچەندە بڕی دۆلارە نێردراوەکە بەراورد بە قۆناخەکانی پێشوو کەمی کردووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە پرۆسەکە نەوەستاوە."
سەبارەت بە تێوەگلانی کۆمپانیاکان لە سپیکردنەوەی پارە، زیا تائی وردەکاریی یاسایی خستەڕوو و گوتی، "هیچ کۆمپانیایەکی مۆڵەتپێدراوی ئاڵوگۆڕی دراو نییە کە بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە تاوانی سپیکردنەوەی پارەی بەسەردا ساخ بووبێتەوە."
روونیشیکردەوە کە سزادان یان وەرگرتنەوەی مۆڵەتی هەندێک کۆمپانیا لە رابردوودا پەیوەندی بە "رێکاری کارگێڕی، کێشەی پشکدارەکان، یان پەیوەندیی ئەمنی"ـیەوە هەبووە، نەک دەرچوونی حوکمی دادوەری لەسەر تاوانی سپیکردنەوەی پارە.
سەرۆکی سەندیکای نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێ، بانکی ناوەندیی عێراق دەستی کراوەیە لە سزادانی کۆمپانیا بازرگانییەکان، تێوەگلانی ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانی لە سەرپێچیی دارایی و پابەند نەبوون بە رێنماییەکان سەلمێندراوە. بانکی ناوەندی رێکاری یاسایی تووندی گرتووەتەبەر و لیستێکی بڵاوکردووەتەوە ناوی زیاتر لە 190 کۆمپانیای بازرگانی تێدایە، کە مامەڵەکردن لەگەڵیان قەدەخە کراوە و خراونەتە لیستی رەشەوە."
زیا تائی باسی لەوەش کرد، "بانکی ناوەندی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بە تووندی چاودێریی کەرتی دارایی دەکات، بۆ رێگری لە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ پارەدارکردنی تیرۆر یان سپیکردنەوەی پارە."
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
