رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی لە نوێترین راپۆرتی دارایی و کارگێڕیی خۆیدا بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 ئاشکرای کرد، ئاستی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور بە رێژەی 66.3% کەمبووەتەوە بەراورد بە هەمان ماوەی پار.
بەپێی راپۆرتــی گەنەل ئێنێرجی، ئەم دابەزینە بۆ راگرتنی کاتیی کارەکانی بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە کە بەهۆی هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان و ململانێکانی ناوچەکە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵدا روویاندا.
دابەزینی بەرهەمهێنان و زیانە سەرەتاییەکان
لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ گەیشتووەتە 26,400 بەرمیل، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا بڕەکە 78,400 بەرمیل بووە. پشکی گەنەل ئێنێرجی لە کێڵگەی تاوکێ 25%ـە، لەو رێژەیەی پشکەش بەرهەمهێنانی لە 19,600 بەرمیلەوە بۆ تەنیا 6,600 بەرمیل نەوت دابەزیوە.
بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی 4 مانگ بە تەواوی راگیرابوو؛ چونکە لە کۆتایی مانگی شوباتدا و بەهۆی دەستپێکردنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، وەک رێکارێکی خۆپارێزی تەواوی چالاکییەکان و هەڵکەندنی بیری نوێ راگیران.
دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان
بەپێی راپۆرتــەکە، کارە سەرەتاییەکانی هەڵکەندن و لێدانی بیرەکان لە مانگی نیساندا دەستیان پێکردووەتەوە و کارەکانی بەرهەمهێنانیش لە 28ی حوزەیرانی 2026دا (کەمێک پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم) دەستیان پێکردووەتەوە. پێش داخستنی کێڵگەکان، ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی 79,900 بەرمیل بووە.
فرۆشی ناوخۆ و نرخی بەرمیل
بەهۆی بەردەوامیی راگرتنی هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە، تەواوی نەوتە بەرهەمهێنراوەکە لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا فرۆشراوە. تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت لە ناوخۆ لە نیوەی یەکەمی 2026دا 31 دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا 33 دۆلار بووە.
گەنەل ئێنێرجی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان، نرخەکان بۆ سەروو 35 دۆلار بەرزبوونەتەوە و تەواوی شایستە داراییەکان بە نەختینە و پێش وەرگرتنی نەوتەکە وەرگیراون.
شایستە داراییەکان و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتــەکەدا، گەنەل ئێنێرجی تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی دارایی خۆی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە قەرزەکان، تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2026، بڕی 88 ملیۆن دۆلار وەک شایستەی دارایی لای حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە (بەبێ سوودی بانکی).
سەبارەت بەو دۆسیە یاساییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بردییەوە، کۆمپانیاکە رایدەگەیێنێت، لقەکەیان بڕی 26 ملیۆن دۆلار قەرزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دوای ئەوەی لە مانگی نیساندا داوای تانەگرتنیان رەتکرایەوە، چیدیکە هیچ هەوڵێکی یاسایی لەمبارەیەوە نادەن.
پاوڵ وێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەنەل ئێنێرجی، گوتی: "لە هەرێمی کوردستان، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ DNO بۆ ئاساییکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و دەستپێکردنەوەی هەناردە، تاوەکو بگەینە لووتکەی داهاتەکان و سوود لە نرخە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین."

.jpg&w=3840&q=75)
