ئەمڕۆ 03ـی ئابی 2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆککۆماری سووریا سەردانی دیمەشق دەکات.
لە سەردانەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاسۆکانی هاريکاریی هاوبەش و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
سووریا لای عێراق و هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ئابووری گرنگی هەیە، بۆیە عێراق و سووریا دەیانەوێت ئاستی قەبارەی بازرگانی نێوانیان بگەیەننە پێنج ملیار دۆلار.
ئاستی قەبارەی بازرگانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت کە کەمترە لە ئامانجی هەردوو وڵات.
سووریا لە ساڵی 2010 بە نزیکەی 3 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ساڵی 2017 بۆ کەمتر لە 300 ملیۆن دۆلار دابەزی.
ساڵی 2024 ئاستی قەبارەی بازرگانی نێوان هەر دوو وڵات جارێکی دیکە گەشەی بە خۆیەوە بینی و گەیشتە 1 ملیار دۆلار و ساڵی رابردووش دوو ملیار دۆلاری تێپەڕاند.
ژمارەکان تاوەکو ئێستا دوورن لە خواستی عێراق و سووریا، هەردوو وڵات پێنج ملیار دۆلارییان وەکو ئامانجی خۆیان بۆ ئاستی قەبارەی بازرگانیان دیارییکردووە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سووریاوە هاوردە بۆ هەرێمی کوردستان کەمە، بەڵام رۆژانە کەرەستەی جیاواز لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت".
بەردەوامی داخرانی تەنگەی هوورمز بە رووی کەشتیە بازرگانییەکاندا، پێگەی سووریای لە لای عێراق زیاتر کردووە و بەغدا وەکو دەرچەیەک بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی بەکاریدەهێنت.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئێستادا هیچ بڕە نەوتێکی خاو لەرێگەی سووریاوە هەناردە ناکرێت، ئەوەی هەیە تەنیا هەناردەکردنی نەوتی رەش و رۆنی سووتەمەنییە. بڕی هەناردەکراو لە مانگی ئادار تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، نزیکەی دوو ملیۆن تۆن بووە."
رۆژی 31ی ئاداری ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار عێراق هەناردەی نەوتی رەشی لە رێگەی تانکەرەوە بەرەو سووریا دەستپێکرد و نەوتەکە لە رێگەی دەروازەی قائیمەوە هەناردە کرا.
19ی نیسان، باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگانە نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رەش لە رێگەی تەنکەرەوە هەناردەی بەندەری بانیاس دەکەن لە سووریا.
رووخانی رژێمی پێشوو جارێکی دیکە دەرگای نێودەوڵەتی بە رووی سووریادا کردووەتەوە، سەقامگیری نێوخۆیی و پشتیوانی نێودەوڵەتی گەشەی بە ئابووری سووریا داوە.
لە پرۆژەی یاسایی بودجەی ساڵی 2025، داهاتی سووریا بە 3.7 ملیار دۆلار و خەرجییەکان بە 3.4 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.
ساڵی 2026، قەبارەی پرۆژە یاسایی بودجە بە رێژەی %200 بەرز بووەتەوە، داهات بە 8.7 ملیار دۆلار و خەرجی10.5 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.


