رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا بەردەوامە و رۆژانە کاڵای هەرێمی کوردستان دەنێردرێتە شارەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سووریاوە هاوردە بۆ هەرێمی کوردستان کەمە، بەڵام رۆژانە کەرەستەی جیاواز لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێ".
هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە 600 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، شتومەکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان دەبرێتە سووریا و رۆژئاوای کوردستان و زۆرینەیان کەرەستەی بیناسازی و پێداویستی کشتوکاڵین، لەوانەش بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان وەک شیش، چیمەنتۆ و پێداویستییەکانی دیکەی بیناسازی.
گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بەوەکرد، پێداویستییە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێنە سووریا، وەک پەینی کیمیایی؛ گوتیشی، ئێستا سووریا بووەتە دەروازەیەکی ترانزێت بۆ هەرێمی کوردستان و بەشێکی ئەو کەرەستانەی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن، دەبردرێنە دەروازەی رەبیعە لە سووریا و لەوێوە دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سووریاوە جلوبەرگ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێ، بەڵام لە هەرێمی کوردستانەوە پێداویستی زیاتر دەنێردرێتە ئەو وڵاتە".
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، جگە لە کەرەستەی بیناسازی، خواردنەوە گازییەکان، شەربەت و چەند جۆرێکی دیکەی خواردن لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکرێت.



