رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی زیادکردنی ژمارەی کەشتییە نەوتییەکانی راگەیاند و جەخت لە پێویستیی کڕینی کەشتی نەوتهەڵگری گەورە دەکاتەوە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو، تاوەکو بتوانێت لە بازاڕە جیهانییەکاندا رکابەری بکات.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان پلانێکی بۆ زیادکردنی ژمارەی کەشتییە نەوتییەکان لە قۆناخی داهاتوودا داناوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە دەکرێ وەک دەستپێشخەرییەک بۆ بەهێزکردنەوە و فراوانکردنی کەشتییە نەوتییەکەی وڵات.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "ئێستا عێراق تەنیا خاوەنی 6 کەشتییە."
چواریان بچووکن و بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان (وەک نەوتی رەش) بەکاردێن کە توانای هەڵگرتنی 13 هەزار تۆنیان هەیە.
دوو کەشتی مامناوەند توانای هەڵگرتنی 33 هەزار تۆنیان هەیە کە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بەکاردەهێنرێن.
عێراق ئێستا خاوەنی کەشتیی نەوتهەڵگریی زۆر گەورە نییە کە توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو یان زیاتری هەبێت، هەربۆیە بۆ گەیاندنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان، پشت بە بەکرێگرتنی کەشتیی کۆمپانیا بیانییەکان یان رێککەوتنی کۆمپانیای (سۆمۆ) لەگەڵ کڕیارەکان دەبەستێت.
سەبارەت بە گرفتەکان، سەلیم روکابی گوتی: "وەزارەت جەخت لەسەر پشتبەستن بە گواستنەوەی نیشتمانی دەکاتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە بەهۆی دۆخی ئێستاوە لە قەیرانێکی داراییدایە بۆ کڕینی کەشتی نوێ. ئێستا کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە دەکرێت."
نەبوونی کەشتیی زۆر گەورە وادەکات عێراق ساڵانە بڕێکی زۆر پارە وەک کرێی گواستنەوە بداتە کۆمپانیا بیانییەکان.
حکومەتی عێراق ئێستا دەیەوێ لە رێگەی کڕینی کەشتیی نوێ و هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان، کەرتی گواستنەوەی نەوت بکاتە سەرچاوەیەکی دیکەی داهات و ئاسایشی هەناردەکردنی وزە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بپارێزێت.



