رووداو دیجیتاڵ
بارانی ئەمساڵ کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بووژانەوەی ژینگەی گوندەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین هەبووە، بەتایبەتی بۆ ئەو ئاژەڵدارانەی گامێش بەخێودەکەن. دوای ساڵێک لە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ژمارەی گامێشەکان، ئێستا جارێکی دیکە ئاوەدانی بۆ زۆنگاوەکانی ناوچەکە گەڕاوەتەوە و خواست لەسەر کڕینی گامێش و بەرهەمەکانیشی زیادی کردووە.
گوندی کانی ماران، یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەخێوکردنی گامێش، ساڵی رابردوو بەهۆی وشکەساڵییەوە لە دۆخێکی سەختدابوو. زیرەک ئازاد، گاوانی گامێشە، دەڵێت: "پار ئەو سەرچاوەیە (قۆڵەکە) وشکی کردبوو، تەنیا بەشی خواردنەوە ئاوی تێدابوو، بەڵام ئەمساڵ چونکە گیا و لەوەڕ زۆرە، دۆخی ئاژەڵەکان لە هەموو ساڵێک باشترە."
دەشتی بەپیت و زۆنگاو و قامیشەڵانی کەنار بەنداوی دووکان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ژینگەیەکی لەبارن بۆ مۆڵگەی گامێشەکان. ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییەی کەشوهەوا وای کردووە ئەو ئاژەڵدارانەی بڕیاری فڕۆشتنی ئاژەڵەکانیان دابوو، پەشیمان ببنەوە.
ئەیوب حەمە، خاوەنی گامێشە و ئاماژە بەوە دەکات ساڵی رابردوو بەهۆی بێئاوییەوە گامێشەکانی هەر لە ماڵەوە بوون و خەریک بووە بیانیانفرۆشێت، بەڵام دەڵێت: "ئەمساڵ زۆر باشە، برادەرم هەیە پێشتر هەر گامێشی رانەگرتووە، بەڵام ئەمساڵ دەستی کردووە بە بەخێوکردنیان."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی راپەڕین، ئێستا زیاتر لە 500 گامێش لە سنوورەکەدا هەن، زۆربەیان لە گوندەکانی (کانی ماران و تۆپاوا) نیشتەجێن و سەرچاوەی بژێوی سەدان خێزانن.
ئەگەر بە رێگەی سەرەکیی رانیە بەرەو هەولێر یان سلێمانی گەشت بکەیت، مەحاڵە لە گوندی کانی ماران نەوەستیت بۆ کڕینی "ماستی گامێش".
سەربەست تارق، ماستفرۆشە، باس لە تایبەتمەندیی ئەو بەرهەمە دەکات و دەڵێت: "ماستی گامێش خواستێکی زۆری لەسەرە چونکە بەرهەمێکی شیرینە و خەڵک بۆ نانی بەیانی بەکاری دەهێنن. توانای هەیە تاوەکو هەفتەیەکیش بمێنێتەوە و تێکناچێت و ترش نابێت."
نرخی ماستەکە بەپێی قەبارەی سەتڵەکان دیاریکراوە؛ سەتڵێکی بچووک بە 7 هەزار دینار و گەورەکەشی بە 14 هەزار دینار دەفڕۆشرێت.
ئاژەڵداران جەخت دەکەنەوە بەخێوکردنی گامێش ئەگەرچی پێویستی بە ماندووبوون و ئاوی زۆر هەیە، بەڵام بەراورد بە مانگا، مەڕ و بزن، قازانجەکەی چەند چەند قاتە و وەکو سەرچاوەیەکی دارایی باش تەماشای دەکەن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
