رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمێک دابەزی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕەکان لەلایەک چاویان لە هەوڵە نێوەندگیرییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، لە لایەکی دیکەشەوە نیگەرانن لە هێرشە نوێیەکانی نێوان هەردوولا و هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن بۆ گەمارۆدانی دەریایی سعودیە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 35 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 88.87 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش، بە جێگیری لە دەوروبەری 82.47 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مایەوە. هەردوو جۆری نەوتی برێنت و سووکی تەکساس لە خوار بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردوویانەوە مامەڵەیان پێوە دەکرێت کە لە دوێنێدا تۆماریان کردبوو.
حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، رۆژی دووشەممە رایانگەیاند گەمارۆی دەریایی دەخەنە سەر سعودیە. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ بەرامبەر ئەمریکا و مەترسییەکی گەورە لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی و بازرگانی لە دەرەوەی ناوچەی کەنداو دروست دەکات.
تیم واتێرەر، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (KCM Trade) رایگەیاند: "هەڕەشەی حوسییەکان بۆ گەمارۆدانی سعودیە زۆر گرنگن، لەبەر ئەوەی مەترسی پەکخستنی هەناردەی نەوتی یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی جیهان زیاد دەکەن."
لە رووە دیپلۆماسییەکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە تاران پێشنیازێکی لە نێوەندگیرەکانەوە پێگەیشتووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی 10 رۆژە. ئامانج لەم پێشنیازە رزگارکردنی ئەو رێککەوتنە کاتییەیە کە لە 17ی حوزەیراندا واژۆ کرابوو، تاوەکو رێگەیەک بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بەو جەنگە بدۆزرێتەوە کە لە 28ی شوباتەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە.

