رووداو دیجیتاڵ
نرخی مریشک بەرزبووەوە و کیلۆی بە زیاتر لە چوار هەزار دینارە. سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێ: "هۆکاری زۆر هەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخ و چاودێریی حکومەت پێویستە".
بەشدار رەشۆ، مریشکفرۆش لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشک دەدەینە چوار هەزار دینار".
کاروان عەلی، فرۆشیاری مریشک لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مریشکی گەورە کیلۆی بە چوار هەزار دینارە و لە هەندێک شوێن دەدرێتە 4 هەزار و 100 دینار".
سەرەتای ئایاری ئەم ساڵ کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 2 هەزار و 500 دینار دەگەیشتە دەستی هاونیشتمانییان و سەرەتای تەمموز بۆ سێ هەزار دینار بەرزبووەوە.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک مریشکی گەورە لە پەلەوەرخان بە کۆ بۆ 3 هەزار و 750 دینار بەرزبووەتەوە".
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان گوتی: "نزیکەی 40%ی خاوەن کێڵگەکان بەهۆی نەخۆشییەوە جوجکیان نەخستە هۆڵەکانەوە؛ هۆڵ هەیە 3 هەزار و 500 جوجکی تێدا مرداربووە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەم و تێچووی زیاتری پێگەیاندنی مریشک".
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە کە شوباتی ئەم ساڵ دەستی پێکرد، لە کاتی جەنگەکەدا تۆنێک ئالیک لە 610 هەزار دینارەوە گەیشتە 825 هەزار دینار؛ هەروەها تۆنێک گازی شل گەیشتە سێ ملیۆن دینار و ئەوەش زیانی لە خاوەن کێڵگەکان دا و بەهۆیەوە بەشێکیان دووبارە جوجکیان نەخستە هۆڵەکانیانەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان پێشبینی دەکات، لە رۆژانی داهاتوودا نرخی مریشک کەمێک دابەزێ و گوتی: "پێویستە دانەبەزێ بۆ کەمتر لە سێ هەزار دینار، چونکە نەخۆشی لە سەرەتاسەری عێراقدا بڵاوە کە ڤایرۆسەکانی IB، نیوکاسڵ و گومبۆرۆیە. خاوەن کێڵگە هەیە هێندە زیانی کردووە کیلۆیەک مریشک بداتە 15 هەزار دیناریش قەرەبووی زیانەکانی ناکاتەوە، بۆیە زۆر گرنگە نرخ لە سێ هەزار زیاتر دانەبەزێ".
نازم عەبدوڵڵا گوتی: "هێشتا نرخی ئالیک تەواو ئاسایی نەبووەتەوە. ئەمڕۆ تۆنی نزیکەی 725 هەزار دینارە، کواڵیتی کۆنترۆڵ لە کارگەکانی ئالیک ناپرسێتەوە، چونکە هێشتا بەراورد بە پێش جەنگ تۆنی نزیکەی 90 هەزار دینار گرانترە".
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 50 کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیک هەیە. سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان داوا دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاودێری بەرهەم و نرخ زیاتر بکات، چونکە ئەوە کاریگەری لەسەر نرخی مریشک دەبێت.
نازم عەبدوڵڵا گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رێگەی کۆمەڵەکانەوە، لە رێگەی قایمقامەکانەوە مۆڵەت بدات ئەو بازرگانانەی کە مریشک بار دەکەن و رۆژانە بە چاودێری ئەو و لەکاتی خۆیدا نرخ دیاری بکرێ. ئەگەر بێت و بۆرسە دابنرێ لە هەرێمی کوردستاندا شتێکی زۆر زۆر باش دەبێ".
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان گوتی: "بە چاودێری هەموو پزیشکان جەخت دەکەینەوە، مریشکی هەرێمی کوردستان بەشێوازێکی زۆر باش و تەندروست بەرهەم دەهێندرێت و کواڵیتی لە هەموو مریشکێکی هاوردەکراو بەرزترە".


