رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەراورد بە دوێنێ 4,100 تمەن یان (2.14%) بەرزبووەوە و گەیشتە 195,250 تمەن.
بەرزترین نرخی دۆلار لە 24 کاژێری رابردوودا 195,350 تمەن و نزمترین نرخیش 191,150 تمەن بووە. نرخی ئێستای دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو 8.62% و بەراورد بە شەش مانگی ڕابردوو 34.19% بەرزبووەتەوە.
لە رۆژی شەممە، یەکەم رۆژی مامەڵەکان لە بازاڕی دراوی تاران، نرخی دۆلار بە بازدانێکی 5,000 تمەنییەوە بەرزبووەوە بۆ ئاستی 192,000 تمەن. ئەم بەرزبوونەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامیی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی ئاییندەی گرژییەکان و کەمبوونەوەی خستنەڕووی دراو لە بازاڕی ئازاد دا.
بازاڕی دراو لە کاتێکدا هەفتەی نوێی دەستپێکرد کە 7 شەو بوو پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بەردەوام بوو؛ هێرشی بەرامبەر بۆ سەر ژێرخانەکان و ئامانجە ستراتیژییەکان، کەشی سیاسیی ناوچەکەی زیاتر لە جاران ئاڵۆز کردووە. هاوکات، نیگەرانییەکان لەبارەی ئاسایشی هاتوچۆ لە تەنگەی هورمز و ئەگەری فراوانبوونی بازنەی جەنگ، چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسانی لە بازاڕی دراودا بەرزکردەوە. ئەم گۆڕانکارییانە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان و زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو.
بازرگانان دەڵێن خواست بۆ کڕینی دۆلار زۆر زیاتر بووە لە خستنەڕوو، زۆربەی ئەوانەشی دۆلاریان لابووە بەهۆی نیگەرانی لە بەردەوامیی گرژییەکان، ئامادە نەبوون دۆلارەکانیان بفرۆشن. هەر ئەمەش وایکرد دۆلار بەبێ هیچ بەربەستێکی جدی ئاستی 195,000 تمەن تێپەڕێنێت.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە تا ئەو کاتەی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوام بن، بازاڕی دراو هەر لەژێر کاریگەریی مەترسییە سیاسییەکاندا دەمێنێتەوە. بە بڕوای ئەوان، لە ئەگەری بەردەوامیی جەنگ یان بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەرێنیی نوێ، ئەگەری ئەوە هەیە دۆلار بەرزبێتەوە بۆ 200,000 تمەن و ئاستی بەرزتر تاقی بکاتەوە.



