رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دروستبوونی گرژییەکان، بازاڕی غازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان تووشی شڵەژان بووە. لە هەندێک ناوچە نرخی بوتڵێک غاز گەیشتووەتە 18 هەزار دینار و بریکارەکانیش دەڵێن، بڕی پێویستیان پێناگات، هاوکات نانەواخانەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەوە رووبەڕووی زیان بوونەتەوە.
کاروان کەمال، 21 ساڵە بریکاری دابەشکردنی غازە، دەڵێت تائێستا دۆخی وای نەبینیوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات حەوشەی ماڵەکەی پڕ بووە لە بوتڵی خاڵی و هاونیشتمانییان بۆ پڕکردنەوەیان پەنایان بۆ هێناوە. کاروان دەڵێت: "جاران رۆژانە 65 بۆ 70 بوتڵ غازم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا شەش رۆژ جارێک تەنیا 110 بوتڵم پێدەگات."
زیانی نانەواخانەکان
بەرزبوونەوەی نرخی غاز تەنیا ماڵانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کاسبکاران و نانەواخانەکانیش هەبووە. ئەرسەلان سەلاح، نانەوایەکە و دەڵێت نرخی غاز بۆ ئەوان دوو هێندە بووە.
ئەو نانەوایە دەشڵێت: "پێشتر غازمان بە 8 بۆ 9 هەزار دینار دەکڕی، بەڵام ئێستا بووەتە 17 بۆ 18 هەزار دینار. ئەوەی کەمترین ئیش بکات، رۆژانە 3 بۆ 4 بوتڵ غاز سەرف دەکات، ئەمەش وادەکات رۆژانە 25 بۆ 30 هەزار دینار زیاتر لە جاران خەرج بکەین و زیانێکی زۆرمان بەردەکەوێت."
بەرزبوونەوەی نرخی غازی بازرگانی
بەگوتەی بریکارەکان، غازی بازرگانی لە ماوەی تەنیا سێ رۆژدا بازدانێکی گەورەی لە نرخەکاندا کردووە. بڕیار سەباح، بریکارێکی غاز لە هەولێر، باس لەوە دەکات سێ رۆژ لەمەوبەر نرخی کۆی غازی بازرگانی 9 هەزار دینار بووە و بە 10 بۆ 11 هەزار دەگەیشتە دەستی هاووڵاتییان، بەڵام ئێستا نرخی کۆییەکەی (جوملەی)گەیشتووەتە 15بۆ 16 هەزار دینار و بە 17 بۆ 18 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
لە وێستگەکانی غازیش لۆدێکی زۆر دروستبووە. تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا لە یەکێک لە وێستگەکان 650 بوتڵ غاز فرۆشراون، پێشتر فرۆشتنی ئەو بڕە 15رۆژی دەخایاند.
زانا رەئوف، کارمەندی وێستگەیەک لە هەڵەبجە، دەڵێت: "13 هەزار لیتر غازمان فرۆشتووە کە دەکاتە 650 بتڵ، ئەوە بۆ شوێنێکی وەکو هەڵەبجە زۆرە. خەڵک هەیە 3 بوتڵی هەیە و هەر سێکیان پڕ دەکاتەوە، چاوەڕێ ناکات غازەکەی تەواو بێت ئینجا بێتەوە، ئەمەش بەهۆی دڵەڕاوکێی خەڵکەوەیە لە قەیرانەکە."
حکومەت رۆژانە هەزار تۆن غاز دابین دەکرێت
ئەم شڵەژانەی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخ لە هەولێر و دهۆک لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە هەزار تۆن غاز بە نرخی هەشت هەزار و 500 دینار دابین دەکات، بەڵام هێشتا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕدا هەیە و لە شارەکاندا نرخەکان وەکو یەک نین.


