رووداو دیجیتاڵ بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ زانیارییە دەریاییەکان، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بەردەوام کەم دەبێتەوە؛ ئەوەش دوای توندبوونی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران دێت. کۆمپانیای کێپلەر رایدەگەیێنێت، ژمارەی ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، بۆ نزمترین ئاستی سێ هەفتەی رابردوو دابەزیوە. داتاکان دەریدەخەن رۆژی پێنجشەممە تەنیا هەشت کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون، حەوتیان رێڕۆی ئێرانییان بەکارهێناوە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، دڵەڕاوکێی بازاڕیان زیاتر کردووە؛ ئەوەش هێمایە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ئێستا زیاتر لەژێر کاریگەریی پێشهاتە سەربازییەکانن وەک لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان. فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دا، ئەگەر کێشەی تەنگەی هورمز لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا چارەسەر نەکرێت، ئاسایشی وزەی جیهانی رووبەڕووی مەترسییەکی جیدی دەبێتەوە. بیرۆڵ ئەوەشی وەبیرهێنایەوە، ئاژانسەکەی لە مانگی ئاداری رابردوودا هەماهەنگیی کردووە بۆ ئازادکردنی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیژی، بەڵام جەختی کردەوە "ئەم جۆرە رێکارانە بۆ هەمیشە بەردەوام نابن"؛ ناوبراو داوای کرد تەنگەکە بە تەواوەتی و بێ مەرج بە رووی کەشتییەکاندا بکرێتەوە. گرژییەکان لە تەنگەی هورمز لە سەرەتای ئەم مانگەوە و پاش دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو روویان لە هەڵکشان کردووە.
ئابووری18-07-2026ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن بازاڕی هەژاند؛ نرخی نەوتی برێنت 88 دۆلاری تێپەڕاند