رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دروستبوونی مەترسی لەسەر دابینکردنی وزە، نرخی نەوت لەم هەفتەیەدا بە رێژەی 12% بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتیش 88 دۆلاری تێپەڕاند.
رۆژی هەینی، دوای ئەوەی کوێت رایگەیاند ئێران هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و شیرینکردنی ئاو، نرخەکان زیاتر بەرزبوونەوە. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 4.6% بەرزبووەوە و بە 88.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا؛ هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 4.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 82.49 دۆلار.
وەزارەتی کارەبا و ئاوی کوێت رایگەیاند، هێرشەکە زیانی زۆری بە وێستگەکە گەیاندووە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشێکی زۆری یەکەکاندا. کوێت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بە تەواوی پشت بە وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریا دەبەستێت.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تاران لە وەڵامی هێرشەکانی واشنتن، چەند پێگەیەکی ئەمریکی لە بەحرەین، ئوردن، کوێت، عومان، قەتەر و سووریا کردووەتە ئامانج. هاوکات ناوەندی ئۆپراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە کەناراوەکانی عومان بەر مووشەک کەوتووە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، مەترسییەکانی هەڵاوسانی لە بازاڕەکاندا زیندوو کردووەتەوە. لۆری لۆگان، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی دالاس، یەکەم بەرپرسی بانکەکە بوو کە بە ئاشکرا داوای بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی کرد. فیلیپ جێفرسۆن، جێگری سەرۆکی بانکی فیدراڵیش ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئاستی هەڵاوسان دانەبەزێت، لارییان لە بەرزکردنەوەی سوود نییە.
ئێستا بازرگانان بە رێژەی 73% چاوەڕوان دەکەن لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بەرز بکرێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، زێڕ لە ژینگەیەکدا کە رێژەی سوود تێیدا بەرز بێت، رووبەڕووی گوشار دەبێتەوە و سەرنجراکێشیی خۆی بۆ وەبەرهێنان لەدەستدەدات.



