رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پشکی سنووری گەرمیان لە بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار دابینبکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان رایدەگەیێنێت، هێشتا پرۆسەکە دەستی پێنەکردووە، بەڵام لەگەڵ خاوەن بەنزینخانەکان لەسەر هێڵن و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشکردنی دەست پێبکات.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ وەزارەت لەسەر هێڵین و گفتوگۆمان لەگەڵ خاوەن بەنزینخانەکانی سنوورەکە کردووە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتووەوە بەنزینی 750 دیناری لە گەرمیان دابەش بکرێت."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان گوتی، پشکی گەرمیان ئێستا رۆژانە تەنیا یەک تەنکەر بەنزینە. ئەم بڕەش کەمە بەڵام بەپێی ئاستی بەرهەمهێنانەکەیە و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە. ئێمە رۆژانە یەک تەنکەرەکە دەدەینە یەک بەنزینخانە و ماوە ماوە شوێنەکەی دەگۆڕین؛ سەرەتا لە ناو کەلار دابەشی دەکەین، پاشان دەیبەینە کفری، رزگاری و بەنزینخانەکانی دیکە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان ئاماژەی بەوەدا نزیکەی 80 هەزار ئۆتۆمبێل لە سنوورەکەیان هەن و رۆژانە پێویستیان بە نزیکەی 200 هەزار لیتر بەنزینە
لە بارەی پڕۆژەی کارتی زیرەکی سووتەمەنی، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا سەرقاڵی دانانی مەرج و رێنماییەکانین بۆ ئەوەی رادەستی ئیدارەی گەرمیان بکرێت تاوەکو بە تەندەر بیداتە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی کارتەکە. ئەم کارتە تەنیا بۆ گاز نابێت، بەڵکو لە داهاتوودا نەوت و بەنزینیشی پێ دابەش دەکرێت."
سەبارەت بە دۆخی گازی ماڵانیش، یادگار فەتاح دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی، "کێشەی غازمان نییە و دۆخەکە زۆر باشە. مانگانە 72 بار گاز بۆ سنوورەکە دێت کە 12 کارگەمان هەن (کە زیاتر لە هەزار و 350 تۆن دەکات) دابین دەکرێت، ئەم بڕەش تەواو بەشی پێداویستیی ناوچەکە دەکات و ئێستا بڕێکی زۆر باشی گازمان هەیە."



