رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بەرزبووەوە دوای ئەوەی لە سەرەتای مامەڵەکاندا نزمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی تۆمار کردبوو.
بازاڕەکان چاوەڕێی داتای گرنگی هەڵاوسانی ئەمریکان، لە کاتێکدا تووندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نرخی نەوتی بەرز کردووەتەوە و چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بەهێزتر دەکات.
نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,014 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش دوای لە نزمترین ئاستی خۆی لەم مانگە توانی خۆی راستبکاتەوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوودا بە رێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە و بۆ 4020 دۆلار.
نرخی زێڕ دوێنێ نزیکەی 3% دابەزی کە ئەمە گەورەترین دابەزینی رۆژانەی بوو لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا، چونکە بەردەوامیی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی یەک مانگدا.
لە کاتێکدا زێڕ زۆرجار وەک پەناگەیەک دژی هەڵاوسان دەبینرێت، بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی گوشار دەخاتە سەر ئەم کانزایە.
ئیلیا سپیڤاک، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تەیستی لایڤ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لە دۆخێکداین کە پێدەچێت بازاڕەکان نەیانەوێت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن. کۆمەڵێک مەترسیی گەورەیان لەبەردەمدایە. بێگومان گوتارەکەی 'وارش' لە بەردەم کۆنگریس هەیە و دواتر بڵاوبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا، بۆیە بابەتی زۆر هەن بازرگانان سەیری بکەن جگە لە هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
وەبەرهێنەران بە وردی چاودێری داتاکانی پێنوێنی نرخەکانی بەکاربەر (CPI)ی مانگی حوزەیرانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ بڵاوبکرێتەوە، تاوەکو ئاماژەی نوێیان دەستبکەوێت لەبارەی هەڵاوسان و ئاراستەی سیاسەتی بانکی ناوەندی. هەروەها داتاکانی پێنوێنی نرخی بەرهەمهێنەر (PPI) و یەکەم ئامادەبوونی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی لەبەردەم کۆنگرێس لەم هەفتەیەدا جێگەی سەرنجی بازرگانانن.
کریستۆفەر واڵەر، ئەندامی بۆردی پارێزگارانی بانکی ناوەندی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە رایگەیاند ئەگەر داتاکانی داهاتوو پێشانی بدەن کە هەڵاوسان لە سەرووی ئامانجە 2%ییەکە دەمێنێتەوە، رەنگە بانکەکە پێویستی بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بێت لە ماوەیەکی نزیکدا.
بازرگانان گرەوەکانیان لەسەر بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی ئەیلوولدا زیاد کردووە؛ بەپێی رووپێوەکان، ئەگەری بەرزکردنەوەی سوود لە 57%ی هەفتەی رابردووەوە بۆ نزیکەی 76% بەرزبووەتەوە.



