رووداو دیجیتاڵ
نرخی مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 20 هەزار دینار و ئۆنسەیەک زێڕیش زیاتر لە 100 دۆلار دابەزی. شرۆڤەکارێک دەڵێت، ئەگەری دابەزینی 500 دۆلاری دیکە لە نرخی زێڕ هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 117 دۆلار دابەزی و بە 4003 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بەراورد بە دوێنێ 22 هەزار دینار دابەزیوە و ئێستا نرخەکان بەم شێوەیەن:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 9 بە 374 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 12 بە 500 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 14 بە 582 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 748 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 873 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 915 هەزار دینار
"گەشبین نیم بە داهاتووی زێڕ"
فەواد رەزاقزادە، شرۆڤەکاری بازاڕ لە کۆمپانیای Forex.com رایگەیاند، "من لە مەودای کورتخایەندا زۆر گەشبین نیم بە داهاتووی زێڕ. نرخی نەوت بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بەرزدەبێتەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سیاسەتی نەختینەیی خۆی تووندتر بکات. ئەمەش هەواڵێکی خراپە بۆ ئەو سەروەت و سامانانەی کە هیچ سوودێکیان لەسەر نییە، وەک زێڕ."
رەزاقزادە هەروەها گوتی: "ئەگەر نرخی نەوت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، رەنگە نرخی زێڕ دابەزێت و لە قۆناخی یەکەمدا بگاتە ئاستی 3,800 دۆلار و بە تێپەڕبوونی کات ئەگەری هەیە بۆ 3,500 دۆلاریش دابەزێت، ئەوەش ئەگەر گوشاری فرۆشتن زیاتر بێت."
هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی هەفتە و ئەمڕۆ دووشەممەدا بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردەوە سەر یەکدی. تاران رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و تەنگەی هورمزی بە داخراوی هێشتووەتەوە، ئەمەش نرخی نەوتی بەرزکردەوە.
ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 3.48 دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتە 79.49 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەتوانێت هەڵاوسان زیاد بکات، چونکە تێچووی وزە و گواستنەوە لە سەرانسەری وڵاتانی جیهاندا بەرز دەکاتەوە. ئەمەش وادەکات بانکە ناوەندییەکان رێژەی سوود بۆ ماوەیەکی درێژتر بە بەرزی بهێڵنەوە یان تەنانەت بۆ کۆنترۆڵکردنی گوشاری بەرزبوونەوەی نرخەکان، زیاتر بەرزی بکەنەوە.
بەرزبوونەوەی رێژەی سوود لەکاتی ئاساییدا نرخی دۆلار بەرزدەکاتەوە و زێڕ دادەبەزێنێت، بەوپێیەی خستنەڕووی دۆلار سنووردار دەکات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی FedWatch کە خوێندنەوە و پێشبینی بۆ هەنگاوەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دەکات، بازرگانان ئێستا بە رێژەی 69% پێشبینی دەکەن بانکەکە لە مانگی ئەیلوولدا رێژەی سوود بەرز بکاتەوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە، کاژێر 15:30 بەکاتی هەولێر، ئاماری هەڵاوسان بۆ مانگی رابردوو لە ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە. مانگی پێشتر رێژەکە 4.2٪ بووە؛ ئەگەر لەو رێژەیە بەرزتر ببێتەوە، دەکرێت نرخی زێڕ زیاتر دابەزێنێت، بەپێچەوانەشەوە دەکرێت نرخەکەی بەرزببێتەوە.
هاوکات کاژێر 17:00 بەکاتی هەولێر، کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، یەکەم گوتاری خۆی لەبارەی سیاسەتی نەختینەیی لە بەردەم کۆنگرێسدا پێشکێش دەکات. بازرگان و وەبەرهێنەران چاودێریی قسەکانی دەکەن بۆ زانینی ئاماژەکان لەبارەی داهاتووی سیاسەتی نەختینەیی و رێژەی سوود.



