رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە ئەمنی و یاساییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕی 358 کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەرداگیراویان رادەستی دەستەی دەستپاکیی عێراق کردووە. دەشڵێت: "پرۆسەی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی بەردەوام دەبێت."
رۆژی دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر بنەمای "هاریکاری و هاوئاهەنگییە بەهێزەکەی" نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، کار دەکرێت بۆ لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مەسرور بارزانی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە تاوەکو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ "پێکەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران کار بکەن."
لە ئەنجامی ئەم هاوکارییەی نێوان هەردوولا، نووسینگەی سەرۆکی حکومەت دەڵێت، "توانرا رێکاری پێویست بەرامبەر گەندەڵکاران بگیرێتەبەر و دەستگیر بکرێن، هەروەها بڕێکی زۆری پارە، زێڕ، موڵک و سامان بۆ گەنجینەی گشتی بگەڕێندرێتەوە."
وەک نوێترین هەنگاوی ئەم هەڵمەتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە کە بڕی 358 کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەرداگیراویان رادەستی دەستەی دەستپاکیی عێراقی فیدراڵ کردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بەم هاوئاهەنگییە لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی "سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و برەودان بە دەستپاکی و سەروەریی یاسا."
ئەو بڕە زێڕەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی بەغدا کراوە، پەیوەستە بە دۆسیەی گەندەڵیی (عەدنان جومەیلی)، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن. جومەیلی، لە 30ـی ئایاری ئەمساڵ بە تۆمەتی گەندەڵی لە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکومی و تایبەتەکاندا دەستگیرکرا.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەو 358 کیلۆگرام زێڕە بە هاوئاهەنگییەکی "تەواو" لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەڕێندراوەتەوە و رادەستی بانکی ناوەندی کراوە. جگە لەم بڕە، 17 کیلۆگرامی دیکە زێڕ لە دۆسیەیەکی جیاوازدا گەڕێندراوەتەوە، کە کۆی گشتیی زێڕە گەڕێندراوەکان دەگەیێنێتە 375 کیلۆگرام.
دۆسیەی گەندەڵییەکەی عەدنان جومەیلی یەکێکە لە دۆسیە گەورەکانی ئەم دواییەی عێراق. بەپێی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کە لە 6ـی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لەم دۆسیەیەدا دەست بەسەر 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلاردا گیراوە.



